ناتانیاهۆ بە مەبەستی دیدار لەگەڵ ترەمپ سەردانی واشنتن دەکات

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چوارچێوەی جووڵە دیپلۆماسیدا بڕیارە شەوی شەممەی داهاتوو بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت، بە ئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ناتانیاهۆ  هەوڵدەدات لە کاتێکدا لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە کە ئەمریکا گەمارۆکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران نوێ کردووەتەوە. هەرچەندە پەیوەندییەکان بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە جێگیر نەکراوە.لە کاتێکدا نووسینگەی ناتانیاهۆ لە هەفتەی رابردووشدا هەوڵێکی هاوشێوەی دابوو، بەڵام ئەنجامی نەبوو.

دواین کۆبوونەوەی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ لە 11ـی شوباتی رابردوو لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی بەڕێوەچوو.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ناتانیاهۆ بۆ پەلەکردن لەم دیدارە، کارکردنە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو متمانەیەی کە بەهۆی جەنگەکەی 28ـی شوبات لەگەڵ ئێران درزی تێکەوتووە.

ئەم هەوڵەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت، چەند کەسایەتییەکی نزیک لە سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەیان لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتووە و رایانگەیاندووە، هەڵسەنگاندنەکانی ناتانیاهۆ سەبارەت بە قەیرانەکە ورد نەبوون، ئەمەش ساردییەکی خستووەتە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.