تەندروستی هەولێر: بەهەماهەنگی بەغدا نەشتەرگەری چاندنی ئەندامەکان دەکرێت
بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقدا هەیە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکانی چاندنی ئەندامەکانی لەش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها جەختی کردەوە، سیستمی (بارکۆد) بووەتە پێوەرێکی سەرەکی بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی دەرمان و هەر دەرمانێک بارکۆدی پێوە نەبێت بە نایاسایی دادەنرێت.
دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرپەرشتی کۆمەڵێک ناوەندی تەندروستی گەورە دەکەن کە نزیکەی 200 دامەزراوەی تەندروستی لەخۆدەگرێت، لەوانەش چوار بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، 17 نەخۆشخانەی گشتی، 17 نەخۆشخانەی تایبەتمەند، 140 سەنتەری تەندروستی، لەگەڵ چەندین نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان، لەدایکبوون، نەخۆشییەکانی سنگ و ددان کە بەسەر ناوچەکانی هەولێر، خەبات، شەقڵاوە و دەشتی هەولێردا دابەشبوون، سەرەڕای تەنگژە داراییەکانیش حکوومەت کار بۆ دروستکردنی سەنتەری نوێ و پەرەپێدانی ژێرخانی تەندروستی دەکات.
د. دلۆڤان محەمەد باسی لە پێشکەوتنەکانی بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان کرد و وەک نموونە نەخۆشخانەی پیرمامی هێنایەوە، ئێستا بە تەواوی بووەتە ئەلیکترۆنی و بەبێ کاخەز کار دەکات، هەوڵیش هەیە ئەم ئەزموونە بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی تر بگوازرێتەوە، سەبارەت بە چاندنی گورچیلە و جگەریش، روونی کردەوە، یاسای توند هەیە و لایەنە ئەمنییەکان و دادگاکان چاودێری دەکەن بۆ ئەوەی بەخشینەکە بە خۆڕایی و مرۆیی بێت، هەروەها دەکرێت بەخشەرەکە لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە بێت بە مەرجێک نەخۆشەکە دانیشتووی هەرێم بێت، یان بە رەزامەندی فەرمی وەزارەتی تەندروستی عێراق نەشتەرگەری بۆ کەسانی دەرەوەی هەرێمیش لە نەخۆشخانەکانی کوردستان بکرێت.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ئاشکرای کرد، لە کەرتی تەندروستی پارێزگاکەدا 17 هەزار کارمەند لە بەشە جیاوازەکاندا کار دەکەن، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوونی پێنج تەمەنی جیاواز لە یەک کاتدا کە نزیکەی 1500 کارمەندیان تەنیا لە هەولێر بوون، ئێستا پێویستیان بە دامەزراندنی کارمەندی نوێ هەیە، هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگیدانی تایبەت بە نەخۆشانی تالاسیمیا و رایگەیاند، بەهۆی بەرنامەیەکی حکوومییەوە، 140 نەخۆشی تالاسیمیا کە 30 کەسیان خەڵکی هەولێرن، لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێم نێردراونەتە وڵاتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک و پرۆسەکەش بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچووە.