لە ترسی ئێران کەشتییەکان لە گەرووی هورمز رێڕەویان دەگۆڕن
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، خۆیان لەو رێڕەوانە بەدوور دەگرن کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دیاریکراون، ئەمەش لە ترسی ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە بکرێنە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، لە سەرچاوەکانی کەرتی ئاسایش و گواستنەوەی دەریاییەوە دەستی کەوتووە، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی بڕیاریانداوە چیتر سیستەمی پەڕینەوە لە ژێر چاودێری سوپای ئەمریکا بەکارنەهێنن. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت، زنجیرەیەک هێرشی ئێران بۆ سەر چەندین کەشتی، مەترسییەکی زۆری لەسەر سەلامەتی گەشتە دەریاییەکان دروستکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO) رۆژی سێشەممە رایگەیاند: "نیگەرانییەکی قووڵمان هەیە بەرامبەر بەو هێرشانەی لەم دواییانەدا لە ناوچەی گەرووی هورمز و دەوروبەری ئەنجامدراون". رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەگوێرەی راپۆرتەکان، لەو هێرشانەدا لانی کەم دوو دەریاوان گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، حکوومەتی هیندستان (نیودەلهی) دیپلۆماتکارێکی ئێرانی بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی توند بەرامبەر بە هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی کوژرانی دەریاوانێکی هیندی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەنتەری ئاسایشی دەریایی عومان رایگەیاند، سێ تانکەری نەوت لە ناوچە جیاجیاکانی کەناراوەکانی عومان رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی عومانی بڵاویکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە.