ئەکسیۆس: ترەمپ لە بڕیاری هێرشکردنە سەر حووسییەکان پەشیمان بووەتەوە
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تاوتوێی دەرکردنی فەرمانی لێدانی سەربازیی دژ بە چەکدارانی حووسی لە یەمەن کردووە، بەڵام لە دوایین ساتدا بڕیاری داوە هێرشەکان ڕابگرێت تاوەکو وڵاتەکەی لە بەرەیەکی نوێی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەنەگلێت.
دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی دۆناڵد ترەمپ لە نێوان دوو بژاردەی سەختدا بووە؛ لە لایەکەوە خواستی هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکەی شازادە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە، و لە لایەکی دیکەشەوە دوورکەوتنەوە لە هەڵگیرساندنی بەرەیەکی نوێی شەڕ بۆ سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی ریاز جارێکی دیکە پەیوەندییان بە ترەمپەوە کردووە و داوای دەستوەردانی سەربازیی بەپەلەیان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە سعوودیە لە بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوییە خێراکانی حووسییەکان لە کەناراوەکانی دەریای سووردا تووشی شکستی گەورە بوون.
بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، ڕۆژی شەممە براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کۆمەڵێک پلانی ئامادەکراوی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە یەمەن پێشکەش بە پێت هێگسێت وەزیری جەنگ کردووە، و دواتر ترەمپ لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانیدا تاوتوێی هێرشەکەی کردووە.
ئەکسیۆس ئاماژەی داوە، سەرەڕای ئامادەباشیی سەربازی، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییدا بڕیاری داوە ئۆپەراسیۆنەکە جێبەجێ نەکرێت و هێزەکانی واشنتن بەشدار نەبن، بەتایبەت دوای ئەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە دیداری مەسقەتدا دڵنیاییان لە حووسییەکان وەرگرتبوو کە گەرووی بابولمەندەب بەڕووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا دانەخەن.
ئەلێکس پلیتسایس، پسپۆڕ لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی و بەرپرسی پێشووی پێنتاگۆن بە ئەکسیۆسی راگەیاند، ترەمپ ترسی هەبووە لەوەی بە هێرشکردنە سەر یەمەن "سندووقی بەڵاکان" لە ناوچەکەدا بکاتەوە، چونکە ئەم هەنگاوە دەبووە هۆی ئەوەی حووسییەکان بە تەواوی گەرووی بابولمەندەب دابخەن و دەربازگەی دووەمی وزەی جیهانی پەکبخەن، کە ئەمەش نرخی نەوتی لە بازاڕەکاندا زۆر زیاتر بەرز دەکردەوە.
ئەم بڕیارەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هێرشی پێچەوانەی سعوودیە لە دژی حووسییەکان بۆ ماوەی دوو هەفتەیە دواکەوتووە، هاوکات چەکدارانی حووسی هێرشەکانیان لە دژی سعوودیە چڕتر کردووەتەوە و لە کۆتایی هەفتەدا مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی شاری ریاز کردووە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە یەمەنی و ڕۆژئاواییەکان، ڕەشاد عەلیمی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا داوای هاوکاریی بەپەلەی سەربازیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بۆ هێزەکانی سەر بە حکوومەتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حووسی، دوای ئەوەی ئەو گرووپە دەستیان بەسەر ناوچە ستراتیژییەکانی کەناراوەکانی نزیک گەرووی بابولمەندەبدا گرت. بەڵام دوو لە سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا بە هیچ شێوەیەک بەڵێنی هاوکاریی سەربازیی نەداوە و ئامادە نەبووە وڵاتەکەی بخاتە ناو شەڕەکەوە، هاوکات کۆشکی سپی و وەزارەتی ڕاگەیاندنی یەمەنیش لەوبارەیەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا کە پەیامنێری تۆڕی "فۆکس نیوز" بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند حووسییەکان ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی شەڕ لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەکەن.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستکەرەوەی قسەکانی پێشووی ناوبراو و جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکە کە ئاشکرایان کردبوو واشنتن لە کەناڵی دیپلۆماسیی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ حووسییەکان، و ئەو گرووپەش بەڵێنی پێداون کە بە هیچ جۆرێک کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سووردا نەکەنە ئامانج.