سوپای ئوردن: 8 مووشەکی ئێرانمان تێکشکاند

سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی هەشت مووشەک بخاتە خوارەوە کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئوردن ئاراستە کرابوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی ئوردنی جەختی کردەوە، مووشەکەکان لە ئاسماندا تێکشێندراون و هیچ زیانێکی گیانی یان ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە.

لای خۆیەوە سوپای ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند؛ لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر چەند بنکە و دامەزراوەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە هەریەکە لە وڵاتانی کوەیت و بەحرەین.

بەگوێرەی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو گورزانەی کە ئەمریکا ئاراستەی خاکی کۆماری ئیسلامی کردبوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سوپای ئێران لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت، سیستەمەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و کۆگاکانی سووتەمەنی کردووەتە ئامانج، هاوکات لە وڵاتی بەحرەینیش بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسای ئەمریکیی کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە درەنگانی شەوی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، هێزەکانی ئەمریکا شەپۆلێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو خاکی ئێران دەستپێکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشانەی ئێران لەسەر گەرووی هورمز دروستی کردوون.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کاتژمێر3:00ـی پاشنیوەڕۆ بەکاتی واشنتن، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیان بە ئەنجامدانی دووەم شەپۆلی هێرشەکان کرد بۆ سەر بنکە و توانا سەربازییەکانی ئێران.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان ئەو توانا سەربازییانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڕەشەکردن لەو کەشتییانە بەکاردێن بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن؛ رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی ستراتیژی و هەستیارە بۆ بازرگانیی جیهانی.