جەی دی فانس: بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران درێژخایەن نابێت

جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا

جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هێزی سەربازی بە شێوەیەکی کراوە و بۆ ماوەیەکی نادیار دژی ئێران بەکارناهێنێت، بەڵکو وەک یەکێک لە ئامرازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنای بۆ دەبرێت.

جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکی واشنتن لەم قۆناخەدا بریتییە لە: "کردنەوەی گەرووی هورمز و دڵنیابوونەوە لە هاتوچۆی ئازادانەی نەوت و غاز، لەگەڵ رێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی." سەبارەت بە گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانیش، فانس گوتی: "ئەگەر ئێرانییەکان بیانەوێت دەسەڵاتەکە بگۆڕن، ئەوە پەیوەندیی بە خودی خۆیانەوە هەیە."

لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئێران زۆر بەمزووانە تێکدەشکێندرێت و ئاماژەی بەوە کرد، تاران خوازیاری گەیشتنە بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن.

ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ هێرشکردنە سەر پردەکان و ژێرخانی ئێران، گوتی: "حەزم بە دیاریکردنی کاتی دیاریکراو نییە، بەڵام ئەوان چیرۆکەکە باش دەزانن. باشترە بۆیان بە باشی رەفتار بکەن."

لەسەر ئاستی سەربازی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە شەپۆلی دووەمی هێرشە ئاراستەکراوەکانیان بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، ئەم هێرشانە ئەو توانا سەربازییانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاردەهێنرێن. سوپای ئەمریکا جەختی کردەوە  ئەم هەنگاوانە یاسایین و لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا بۆ لێپرسینەوە لە تاران ئەنجام دراون.