لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە بەسرە 22 زیارەتکاری ئێرانی بوونە قوربانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئەنجامی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە پارێزگای بەسرە، 22 زیارەتکاری ئێرانی بوونە قوربانی. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە سەرخۆشی شۆفێریی کردووە و خۆی بە کۆمەڵێک زیارەتکاردا کێشاوە کە بەپێ بەرەو کەربەلا بەڕێوەبوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، رووداوەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026 روویداوە، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "تاهۆ" لەسەر رێگەی سەرەکیی قەزای هاریسە کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی بەسرە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە زیارەتکاراندا کێشاوە، ئەم رێگایە رێڕەوی سەرەکیی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنە کە بەپێ بەرەو پارێزگای کەربەلا بەڕێوەدەچن.
بەپێی گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکە، دەرەنجامی ئەم رووداوە 10 زیارەتکار لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و 12 زیارەتکاری دیکەش بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان سەختە و بۆ چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
سەرچاوە ئەمنییەکە جەختی لەوەش کردەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلە تاهۆکە لە کاتی شۆفێریدا سەرخۆش بووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە بووە.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی بەسرە، بە مەبەستی رێکخستنەوەی دۆخەکە و گواستنەوەی قوربانییەکان، رێگای سەرەکیی هاریسەی بەڕووی هاتوچۆدا داخستووە.
ساڵانە ملیۆنان زیارەتکاری شیعە لە سەرانسەری جیهانەوە، بەتایبەت لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن دێنە کەربەلا و نەجەف.
لە ساڵانی ڕابردوودا، دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران رووبەڕووی لۆد و قەرەباڵخییەکی ئێجگار زۆر دەبوونەوە. کێشەی نەبوونی هۆکاری گواستنەوەی پێویست لە ناوخۆی عێراق و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، دەبووە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی و پەککەوتنی زیارەتکاران بۆ چەندین کاتژمێر لەسەر سنوورەکان.
بەڵام ئەمساڵ عێراق و ئێران رێککەوتوون لەسەر رێگەدان بە هاتنەناوەوەی پاسی ئێرانی ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە گەورەیەی لەسەر کەرتی گواستنەوەی ناوخۆیی عێراق دروست دەبوو، هاوکات ڕێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی گواستنەوەی تایبەت.