قۆناخی سێیەمی کۆڕنیشی زاخۆ دەستپێدەکات

کۆڕنیشی زاخۆ
کۆڕنیشی زاخۆ

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی پڕۆژەی گەشتیاریی کۆڕنیشی شارەکە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.

پڕۆژەی گەشتیاریی کۆڕنیشی زاخۆ یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی سێکتەری گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەم و دووەمی کارەکان، سەرنجی ژمارەیەکی زۆری گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی بۆ شارەکە راکێشاوە. 

سەبارەت بە تەواوکردنی پڕۆژەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، یونس محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەمزووانە قۆناخی سێیەمی پڕۆژەکە دەست پێ دەکات. پێشبینیش دەکات، رۆژی 20ـی ئەیلوولی داهاتوو لە یادی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قۆناخی سێیەمی پڕۆژەکە بکرێتەوە.

سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ روونی کردەوە، نزیکەی 30 خانوو بەر قۆناخی سێیەم دەکەون و سەرجەمیان بە بڕیاری دادگا قەرەبوو دەکرێنەوە. 

دەربارەی وردەکاریی کارەکانی رابردوو ئاماژەی بەوە دا، لە قۆناخی یەکەمدا بە درێژایی 1500 مەتر لە هەردوو دیوی رووباری خابوور کار کراوە و تێچووەکەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە. لەناو پڕۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژایی 73 مەتر و بەرزیی 3.5 مەتر دروست کراوە بۆ گلدانەوەی 250 هەزار مەتر سێجا ئاو سوودی لێ دەبینرێت و 70%ـی رووبەرەکەشی سەوزاییە.

هەروەها قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە بە گوژمەی شەش ملیار دینار و بە درێژایی سێ کیلۆمەتر جێبەجێ دەکرێت، تێیدا رێژەی 50%ـی پڕۆژەکە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە. ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیاری داوە تەواوی لێواری خابوور لە پردی دەلالەوە تا دەگاتە پردی خانی لە کۆتایی بازاڕی شارەکە، ببێتە کۆڕنیش و شوێنێکی گەشتیاری بۆ سەردانیکەران.