ئەمریکا ماوەی مانەوەی قوتابییان و رۆژنامەنووسانی بیانی کەم دەکاتەوە
ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا ماوەی مانەوەی قوتابییان و رۆژنامەنووسانی بیانی لە وڵاتەکە کەم بکاتەوە، ئەمەش بەپێی بەڵگەنامەیەکی کارگێڕی کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و وەک نوێترین هەنگاوی سیاسەتە توندەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە کۆچبەران هەژمار دەکرێت.
پێنجشەممە 16ـی تەممووزی 2026، رێسا نوێیەکان، ئەگەر لەلایەن کۆنگرێسەوە رێگرییان لێ نەکرێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی ڤیزای خوێندنیان هەیە رێگەیان پێنادرێت زیاتر لە چوار ساڵ لە ئەمریکا بمێننەوە.
سەبارەت بە رۆژنامەنووسانی بیانی، ماوەی مانەوەیان بۆ 240 رۆژ کورت دەکرێتەوە، کە دەکاتە نزیکەی هەشت مانگ، لەگەڵ ئەگەری پێشکەشکردنی داواکاری بۆ درێژکردنەوەی مانەوەکەیان بۆ هەمان ماوە، بەڵام رۆژنامەنووسانی چینی رووبەڕووی رێکاری توندتر دەبنەوە و ماوەی ڤیزاکانیان تەنها بۆ 90 رۆژ کارا دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا ڤیزای بەپێی ماوەی پرۆگرامی خوێندن دەبەخشی، و بۆ رۆژنامەنووسانیش ماوەی ڤیزاکانیان دەگەیشتە پێنج ساڵ.
ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر رۆژنامەنووسانی سەدان دەزگای راگەیاندنی بیانی لە ئەمریکا دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا، نزیکەی 100 دەزگا و رێکخراوی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی، لەوانە ئاژانسی "فرانس پرێس"، لە نامەیەکی کراوەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕ و جۆری رووماڵکردنی هەواڵەکانی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر بەڵێنی دابوو کە کۆچی نایاسایی رابگرێت و کۆچی یاساییش سنووردار بکات، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم دەستپێشخەرییەی رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی ئەوتۆ نەبێتەوە لە کۆنگرێس، بەوپێیەی پارتی کۆماری زۆرینەی کورسییەکانی تێدا بەدەستە.