سێنتکۆم: شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت: ئەمڕۆ دەستمان بە ئەنجامدانی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەکانی ئێران کردووە، بە ئامانجی کەمکردنەوە و لاوازکردنی زیاتری توانای سەربازیی ئەو وڵاتە.
پێنجشەممە، 16ـی تەمموززی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، هێزەکانیان دەستیان بە جێبەجێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی چەند ئامانجێک لە ناو ئێراندا کردووە.
سێنتکۆم لە راگەیەنراوەکەیدا روونی کردووەتەوە، ئەم هێرشانە کە بۆ پێنجەم شەوی لەسەریەک ئەنجام دەدرێن، بە مەبەستی کەمکردنەوە و لاوازکردنی زیاتری تواناکان و ژێرخانی سەربازیی ئێران جێبەجێ کراون، تاوەکوو رێگری لە هەر هەڕەشەیەکی ئەمنیی داهاتوو بکرێت.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.