کوەیت تێکشکاندنی 32 درۆنی ئێرانی راگەیاند
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کوەیت رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 32 درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵات تێکشکاندووە.
پێنجشەممە 16ـی تەممووزی 2026، عەقیدی روکن سعوود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کوەیت ئاماژەی بەوە کرد، تەنها لە ماوەی یەک رۆژدا، 32 درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە، باسی لەوەشکرد، ئەم هێرشانەی ئێران چەندین دامەزراوەی هەستیار و گرنگی وڵاتیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها روونیکردەوە، لە ئەنجامی تێکشکاندنی ئامانجەکان، پاشماوە و پارچەی درۆنەکان لە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتوونەتە خوارەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی زیانی ماددی، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری کوەیت نوێترین ئاماری هێرشەکانی ئێرانی لە سەرەتای دەستپێکردنی جنگەکەوە بڵاوکردەوە، کە بەم شێوەیەیە:
● تێکشکاندنی 1002 درۆن.
● بەرپەرچدانەوەی 387 مووشەکی بالیستی.
● تێکشکاندنی 25 موشەکی کرووز.
لە کۆتاییدا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کوەیت لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بە بەرزترین کواڵێتی بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتییان و نیشتەجێبووان.