ئێران: ئەمریکا 6 پردی ستراتیژیی لە پارێزگای هورمزگان تێکشکاندوە
پارێزگاری هورمزگان لە باشووری ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی سوپای ئەمریکا، شەش پردی سەرەکی و ستراتیژی لە سنووری پارێزگاکە بە سەختی پێکراون و تێکشکێنراون. ئەم پەرەسەندنە نوێیەی واشنتن کە ئامانج لێی پەکخستنی ژێرخانی گواستنەوەیە، هاوکاتە لەگەڵ شەشەم شەوی ململانێ سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەینی 17ـی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگای هورمزگان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە درێژەی هێرشەکانیاندا بۆ سەر باشووری ئێران، جگە لە پردی کەهورستان، چەندین پردی دیکەی گرنگیان لە شارستانی خەمیر کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە ئەو پردانەی بۆردوومان کراون بریتین لە:
1. پردی گریوە: رێگای سەرەکیی نێوان بەندەری عەباس، خەمیر و لار.
2. پردی لاتیدان (کەلمەتەلی): رێگای گەڕانەوەی نێوان بەندەری عەباس، خەمیر و لار.
3. دوو پردی سەرەکی: لەسەر رێگای کەهورستان بۆ لار.
4. پردێکی نیوەچڵ: لەسەر تەوەرەی بەندەر خەمیر - کەشار - بەندەری عەباس.
5. پردی گوندی مارو: لە سنووری شارستانی خەمیر.
بەهۆی تێکچوونی رێگاکان و مەترسیی هێرشی دووبارە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران داوایان لە هاووڵاتییان کردووە بە هیچ شێوەیەک بەو رێگایانەدا هاتوچۆ نەکەن و دوور بکەونەوە لە ناوچە جیاوازەکانی دەوروبەری پردەکان، تاوەکو رێگە بۆ تیمەکانی فریاگوزاری و هێزە ئەمنییەکان واڵا بێت بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە ماوەی شەش رۆژە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە دەپێکێت. پەکخستنی ئەم پردانە دەبێتە هۆی دابڕانی پەیوەندیی نێوان گەورەترین بەندەرەکانی ئێران و شارە ناوخۆییەکان، کە ئەمەش لێکەوتەی ئابووری و سەربازیی قورسی بۆ تاران دەبێت.