سێنتکۆم رێگری لە چەند کەشتییەک کرد کە دەیانویست گەمارۆیەکان بشکێنن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانی مارێنز لە دەریای عومان چوونەتە سەر کەشتییەک بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران. هاوکات سێنتکۆم ئاشکرای کرد, تاران لە هەفتەی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی بە مەبەست کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەیان مووشەکی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ کردووە.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییە گشتگیرەکەی واشنتن بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە پەیامێکدا رایگەیاند، جگە لە پشکنینی کەشتییەک لە دەریای عومان، هێزەکانیان توانیویانە ئاراستەی سێ کەشتیی بازرگانی بگۆڕن کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکەیانداوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کەشتییەکی دیکە پەکخراوە تاوەکو ناچار بە پابەندبوون بکرێت.

براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، پەردەی لەسەر چالاکییەکانی ئێران لادا و رایگەیاند: "تاران لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا بە مەبەست هێرشی کردووەتە سەر حەوت کەشتیی بازرگانی، ئەمەش بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون یان بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 10 مەدەنی کە کارمەندی ئەو کەشتییانە بوون." کووپەر گوتیشی، ئێران دەیان مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێی ناوچەی کەنداو کردووە.

داتاکانی کێپلەر بۆ چاودێریکردنی کەشتیوانی، دەریدەخەن کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی ستراتیژیی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. بەپێی ئامارەکان، رۆژی چوارشەممە تەنیا 7 کەشتی لە گەرووەکە تێپەڕیون، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر 13 کەشتی بوون. زۆربەی ئەو کەشتییانەشی تێپەڕیون، رێڕەوی نزیک کەناراوەکانی ئێرانیان بەکارهێناوە.

سێنتکۆم جەختی کردەوە، گەمارۆ دەریاییە هەمهەلایەنەکەی بۆ سەر تەواوی ناوچە کەناراوەکانی ئێران لە کاتژمێر 4ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە (بە کاتی رۆژهەڵات) دەستی پێکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێستا زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکەی سەربازی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە چالاکیدان بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی تاران.