قەتەر: چەند مووشەکێکمان خستە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە چەند مووشەکی کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوو تێکبشکێنن.
هەینی 17ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە راگەیەندراوێکد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوی کردەوە، "هێزەکانیان هێرشێکی مووشەکییان تێکشکاندووە کە خاکی قەتەری کردبووە ئامانج."
هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە قەتەر بیستراوە.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، منداڵێک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی ئەو مووشەکانەی لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێنرابوون، بریندار بووە. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە تیمە ئەمنی و فریاگوزارییەکان بەپێی پلانی نائاسایی دەستبەکار بوون و منداڵەکەش ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
لە دوای رووداوەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی گشتی لە قەتەر لێدرا و ئاستی مەترسییە ئەمنییەکان بۆ پلەی مەترسیدا بەرزبووەوە، هاوکات داوا لە دانیشتووان کرا بە مەبەستی پاراستنی گیانیان پەنا بۆ شوێنە ئارامەکان ببەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی پێنجەم شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند، تێیدا چەندین پێگەی ستراتیژی و ژێرخانی گواستنەوە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج. سێنتکۆم ئاماژەی دا، ئامانجی ئەم هێرشانە بەردەوامبوونە لە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و کۆنترۆڵی تاران بەسەر گەرووی هورمزدا.
هەروەها لە بەرانبەردا پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەک تۆڵەیەک لە بەرامبەر کردەوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا لە بەئامانجگرتنی ژێرخانە شارستانییەکان و خەڵکی بێتاوان، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی چڕیان بۆ سەر بنکەی سەخیر لە بەحرەین ئەنجام داوە.