دوای گوتارەکەی ترەمپ، کۆشکی سپی چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاو کردەوە
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ چەسپاندنی شەفافیەت، دەزگاکەیان کۆمەڵێک بەڵگەنامەی هەواڵگریی هەستیاری دەرهێناوە. ئەم بەڵگەنامانە پەردە لەسەر هەوڵەکانی چین و ڤەنزوێلا لادەبەن بۆ دەستوەردان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و شێواندنی سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی.
هەینی 17ـی تەممووزی 2026، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، دوای گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی دەستێوەردانی چین و ڤێنزوێلا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020 و تێوەگلانی هەندێک بەرپرسی پێشوو لە CIA و FBI ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
جۆن راتکلیف ئاماژەی بەوە کرد، پاراستنی یەکپارچەیی هەڵبژاردنەکان لە دەستوەردانی دەرەکی، کارە هەرە لەپێشینەکەی ئەوانە. بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ئاشکرای کرد، راپۆرتە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن "حکوومەتی ڤەنزوێلا توانایەکی تەکنیکیی وای پەرەپێداوە کە بتوانێت دەستکاریی سیستەمەکانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بکات، ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی ژێرخانی هەڵبژاردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست کردووە.
راتکلیف لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنجی خستە سەر رۆڵی بەژینگ و نووسیویەتی: "ماوەیەکی درێژە بە ئاشکرا هۆشداریم داوە لە هەوڵە تێکدەرەکانی چین بۆ کاریگەریکردن لەسەر هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لە دژی سەرۆکی ئەمریکا." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەڵگەنامانەی ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە، ڕاستی و قەبارەی نیازەکانی چین بۆ خەڵکی ئەمریکا روونتر دەکەنەوە.
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی جەختی کردەوە ئەم بابەتانە پێویستییان بە وردبینی و چاودێریی گشتی هەیە، چونکە بنەمای دیموکراسیی ئەمریکا بەندە بە ئاسایشی هەڵبژاردنەکان و متمانەی هاووڵاتییان بە سندووقەکانی دەنگدان. گوتیشی، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییە نهێنییانە ئەوەیە کە چیتر هیچ لایەنێکی بێگانە نەتوانێت دەست بۆ سیستەمی سیاسیی وڵاتەکە ببات.
ئەم راگەیەندراوەی CIA دوای گوتاری نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە تێیدا چینی تۆمەتبار کرد بە دزینی داتای 220 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی لە 18 ویلایەتی جیاوازدا. ترەمپ لە گوتارەکەیدا پەردەی لەسەر لاوازییەکانی ژێرخانی هەڵبژاردن لادا و داوای لێکۆڵینەوەی لە هەندێک بەرپرسی پێشووی ناو CIA و FBI کرد کە تۆمەتباری کردن بە "پەردەپۆشکردنی" راستییەکان.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە کۆنگرێس "یاسای پاراستنی ئەمریکا" پەسند بکات بۆ ناچارکردنی دەنگدەران بە پیشاندانی ناسنامە (Voter ID) تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە ساختەکاری و دەستوەردانێکی بیانی بگیرێت.
دوای گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، کۆشکی سپی چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاو کردەوە.