وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: قەیرانی گازی ماڵان روونادات

بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیرا و بەو هۆیەشەوە بڕی 2500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە. وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سروشتییەکان تیمێکی هاوبەشیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە پێکهێناوە.

ئەمڕۆ هەینی، 17ـی تەمموزی 2026، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، دوای ئەوەی کۆمپانیای داناگاز بەهۆی "هەڕەشە ئەمنییەکانەوە" بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرت، هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا وەستا و بووە هۆی کەمبوونەوەی 2500 مێگاوات کارەبا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بڕە کارەبایەی کە ئێستا لە وێستگەکان بەرهەم دەهێنرێت، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، تیمێکی هاوبەشیان راسپاردووە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن. ئامانج لەم هەنگاوە دابەشکردنی کارەبای بەردەستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا.

تیمێکی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات بۆ رێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەبێت.

سەبارەت بە دابینکردنی گازی شل (LPG) بۆ پێداویستی رۆژانەی ماڵان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، رەزامەندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ وەرگیراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێم، هەر ئەمڕۆ چەندین تەنکەری گاز رەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان کراون بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی هەر جۆرە قەیرانێک بکرێت.

هەردوو وەزارەت دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە "هیچ قەیرانێکی گازی ماڵان ڕوونادات" و هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست پێ بکاتەوە و دۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە.