بەیژینگ وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: تۆمەتەکانی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا "قسەی پووچن"

چین بە توندی ئەو تۆمەتانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتدەکاتەوە کە دەڵێت بەیژینگ دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کردووە. تاران و بەیژینگ ئەو قسانە بە "پووچ" وەسف دەکەن و جەخت دەکەنەوە کە هەمیشە پابەندی بنەمای دەستوەرنەدانن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە.

لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەمیشە پابەندی بنەمای دەستوەرنەدانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و هیچ بەرژەوەندی و مێژوویەکی نییە لە دەستوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە باشی دەزانێت کێ دەستوەردانی بەردەوام لە کاروباری وڵاتانی دیکە دەکات و حکوومەت و کۆمپانیا و هاووڵاتییان دەخاتە ژێر چاودێرییەکی هەڕەمەکی و درێژخایەن و داتاکان بە فراوانی دەدزێت."

لین جیان داوای لە ئەمریکا کرد پێداچوونەوە بە رەفتارەکانی خۆیدا بکاتەوە و واز لە تێکدانی ناوبانگی چین بهێنێت، یان چین وەک پاساوێک لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەکارنەهێنێت. داواشی کرد هەوڵی راستەقینە بدرێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم کاردانەوەیەی بەیژینگ دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ رایگەیاند کە زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەست بە بوونی "کەلێنە مەترسیدارەکان" لە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات. ترەمپ جەختی کردەوە کە فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان دەستپێبکەن و ئەو بەرپرسانەش سزا بدرێن کە ئەو زانیارییانەیان لە سەرۆکایەتی و رای گشتی شاردووەتەوە.

ترەمپ لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ گەلی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا بەڵگەنامەی هەواڵگریی "زۆر گرنگ" بڵاودەکاتەوە کە دەیسەلمێنن ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بێپێشینە رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی و دەستوەردانی دەرەکی بووەتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ژمارەیەک لە نەیارانی وڵاتەکەی، لەوانە رووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکووری تۆمەتبار کرد بەوەی توانای کاریگەرییان لەسەر ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەبووە.