حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هێرشەکانی ئێران بێ پاساون و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، بە توندی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە بێ پاساون و دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێرشە بێ پاساوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریداوە کە بەردەوامیی ئەم جۆرە هێرشانە، "سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێک دەدات" و داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە بە زووترین کات کۆتایی بەم هێرشانە بهێنێت.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا، داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵگرن و هەوڵی جدی بدەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنرێت کە دەکرێنە سەر سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان.