وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەم هێرشانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر کرد؛ هاوکات ئەم هێرشانەی بە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاکی عێراق وەسف کرد.
هەینی 17ی تەممووزی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەولێر و سلێمانی، بە کوردستان24ی رایگەیاند "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەین."
وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە ئەم جۆرە چالاکییە سەربازییانە بە واتای پێشێلکردنێکی ئاشکرا و روونی سەروەری خاکی عێراق دێت.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەوەستین و پشتگیری لە هەموو هەوڵەکانی دەکەین کە بۆ پاراستنی گەلی عێراق دەدرێن."
ئەمە لە کاتێکدایە، دژەتیرۆری کوردستان راگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەممووزی 2026، لە کاتژمێر 4:19 تا 5:25، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە،
ئەم کاردانەوەیە توندەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە، کە بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.