ئەکسیۆس: ئەمریکا دەیان فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر رەوانەی ئیسرائیل دەکات
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئیدارەی ترەمپ ئامادەکاری بۆ فراوانکردنی جەنگی ئێران دەکات و دەیەوێت لە هێرشە سنووردارەکانی دەوروبەری گەرووی هورمزەوە، بگۆڕێت بۆ هێرشێکی گشتگیر بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. بەپێی راپۆرتەکە، واشنتن دەیان فڕۆکەی نوێی سووتەمەنی رەوانەی ئیسرائیل دەکات تاوەکو زەمینە بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە خۆش بکات.
هەینی 17ی تەممووزی 2026، بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، کە لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە بڵاو کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕۆژی سێشەممە، خەریکی تاوتوێکردنی چەند بژاردەیەکی سەربازیی قورس بوون. ئامانجی ئەم هێرشانە بریتییە لە ناچارکردنی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و قبووڵکردنی مەرجە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا.
ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، بژاردەکان بریتین لە: بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبا، ئەنجامدانی هێرشی چڕ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە مەبەستی تێکشکاندنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە قووڵایی خاکدا، و لێدانی بنکەی نهێنیی پیکاکس ماونتن کە گومان دەکرێت وێستگەیەکی ئەتۆمیی نوێ بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا لە هێڕشەکانی ئەم دوایانەدا حەوت پردی ستراتیژیی لە دەوروبەری شاری بەندەری عەباس تێکشکاندووە، کە ناوەندی سەرەکیی لۆجستیی سوپای پاسدارانە.
ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، ئەمریکا دەیەوێت ژمارەی فڕۆکەکانی سووتەمەنی لە ئیسرائیل بگەیەنێتەوە ئەو ئاستەی لە سەرەتای شەڕەکەدا هەبوو. واشنتن پێداگری دەکات کە فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بن، چونکە لەوێ پارێزراوترن، بەڵام ئەمە کێشەیەکی سیاسیی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دروست کردووە؛ میری رێگێڤ، وەزیری گواستنەوەی ئەو وڵاتە، داوای گواستنەوەی فڕۆکەکان دەکات چونکە هاتوچۆی گەشتیاریی پەکخستووە. ئەم پرسە سێ مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل بووەتە جێگەی مشتومڕی توند لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و سوپای ئەو وڵاتە.
لە کاتێکدا ئێران هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئوردن چڕ کردووەتەوە، ئەکسیۆس ئاماژە بە گوتارێکی ناتانیاهۆ دەکات کە تێیدا هۆشداریی دابووە تاران و گوتبووی: "ئەمجارە وەک جارەکانی پێشوو نابێت، وەڵامەکەمان زۆر بەهێزتر و جیاوازتر دەبێت."