ستراتیژی دوورکەوتنەوە لە تەڵە؛ بۆچی وڵاتانی کەنداو وەڵامی سەربازیی ئێران نادەنەوە؟
ناوچەی کەنداوی عەرەبی شەپۆلێکی نوێی گرژیی سەربازی بەخۆوە دەبینێت، بەجۆرێک لەم مانگی تەممووزەدا هێرشەکانی ئێران جارێکی دیکە گەیشتنەوە چەند پایتەختێکی وڵاتانی کەنداو، ئەوەش دوای ئەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران گەیشتە لێواری هەرەسهێنان، سەرەڕای فراوانبوونی بازنەی هێرشەکان بۆ سەر کوەیت، بەحرەین، قەتەر، سوڵتاننشینی عومان و ئیمارات، تا دەگاتە ئوردن و سووریا، بەڵام پایتەختەکانی کەنداو هێشتا پابەندن بە ستراتیژی خۆدوورخستنەوە و خۆبەدوورگرتن لە وەڵامدانەوەی سەربازیی راستی.
پریشکی ئەم گرژییە نوێیە دوای ئەوە هات، ئۆپەراسیۆنە گەورەکان لە مانگی نیسانی رابردوو بەپێی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران راگیرابوون، بەڵام سوپای پاسداران گەڕایەوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ئەمریکا بە زنجیرەیەک هێرش وەڵامی دایەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران راستەوخۆ وڵاتانی کەنداوی بە بیانووی میوانداریکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کردە ئامانج.
لەم نێوەندەدا پرسیارێکی جەوهەری سەر هەڵدەدات: بۆچی وڵاتانی کەنداو وەڵامی سەربازییان نییە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی توانای تەکنیکی و سەربازین؟ ئایا ئەم بڕیارە لە دانایی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە یان بەهۆی بەربەستە بەرگرییەکانەوەیە؟
عەشق بن محەمەد بن سەعیدان، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی سعوودی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 گوتی،" وڵاتانی کەنداو ستراتیژییەکی داڕێژراو پەیڕەو دەکەن بۆ لەباربردنی ئەو دەرفەتەی کە هەندێک لایەن دەخوازن ناوچەکە رابکێشنە ناو جەنگێکی وێرانکەر، کە لە سەرووی هەموویانەوە سوپای پاسدارانی ئێران و ئیسرائیلن.
بن سەعیدان روونی کردەوە، حیساباتی وڵاتانی کەنداو سەقامگیریی ئابووری و راکێشانی وەبەرهێنان وەک لە پێشینەی کارەکان دەبینێت کە ناکرێت دەستکاری بکرێن، بەتایبەت کە سعوودیە و ئیمارات لە پڕۆژە گەورەکانی گەشەپێدانی وەک "رۆئیای 2030" بەردەوامن. ئاماژەی بەوەش کرد، وەڵامدانەوەی سەربازیی کلاسیکی بۆ سەر ئێران ئاڵۆزە، چونکە تاران خاوەنی توانای جەنگی چەتەگەری و تۆڕێکی فراوانی بریکارەکانە، شێوازی ئێرانیشی بە جەنگی میلیشیایی وەسف کرد کە پابەندی لۆژیکی دەوڵەت نابێت.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی عەبدوڵڵا هێل، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قەتەر، هۆشداری دا لە خلیسکانی ناو هەڵەیەکی ستراتیژی کە رەنگە ناوچەکە بکاتە "وێرانە". هێل ئاماژەی بەوە کرد، پەرەسەندنی ئێستا دەرەنجامی گوشارەکانی "ئیسرائیل-ئەمریکا"یە کە دانوستانەکانی ڤێنایان لەباربرد، ئەو دانوستانانەی کە تیایدا ئێران رەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
هێل ئاشکرای کرد، یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەرەسهێناو بە هەوڵی قەتەر و پاڵپشتیی سعوودیە، تورکیا و پاکستان بونیاد نرابوو، جەختیشی کردەوە، مانەوەی باڵیۆزخانەکان بە کراوەیی رەنگدانەوەی ئارەزووی وڵاتانی کەنداوە بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ ئێران وەک دراوسێیەکی رەسەن، لە بەرامبەر رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ کە ناتانیاهۆ بانگەشەی بۆ دەکات.
سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی کەنداو خاوەنی جبەخانەیەکی ئاسمانیی پێشکەوتوون کە فڕۆکەکانی ئێف 15 – ئێف 16 و یۆرۆفایتەر لەخۆدەگرێت، بەڵام بڕیاری بەکارهێنان وەکو بڕیارێکی سیادیی زۆر هەستیار دەمێنێتەوە، چونکە ئەم وڵاتانە لە دۆخی "ئامانج"ەوە دەگۆڕێت بۆ "هاوبەش لە جەنگدا".
لە رووی بەرگرییەوە، وڵاتانی ناوچەکە پشت بە سیستمەکانی "پاتریۆت" و "تاد" دەبەستن لەژێر چەتری ئەمریکادا، کە سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی چەندین هێرش، بەڵام پێکانی ئامانجەکان لە قەتەر، بەحرەین و کوەیت هەندێک کەلێنی ئەمنییان نیشان دا، کە دیارترینیان رووداوەکەی مانگی ئازاری رابردوو بوو کاتێک دوو فڕۆکەی ئەمریکی لە کوەیت بەهۆی هەڵەیەک لە ناسینەوەی ئامانجەکاندا کەوتنە خوارەوە.
ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کردووە، ئیمارات هەوڵ دەدات سعوودیە و قەتەر رازی بکات بۆ گرتنەبەری وەڵامێکی سەربازیی هەماهەنگکراو، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنی تەواو نییە، بەپێی گوتەی خالید سەڵال، شارەزای ستراتیژی، گفتوگۆکانی ناوخۆی کەنداو ئێستا بەرەو ئەم ئاراستانە دەچن:
1- رێگریی بەکۆمەڵ : بەرزکردنەوەی تێچووی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی کەنداو لە رێگەی رێکاری ئەمنیی هاوبەش.
2- تەواوکاریی بەرگریی ئاسمانی : هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناتۆی کەنداو بە سەرکردایەتی سعوودیە.
3- هەمەجۆرکردنی هاوبەشییەکان : بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ هێزە ناوچەییەکان وەک تورکیا و پاکستان.
لە کۆتاییدا، وڵاتانی کەنداو خۆیان لە نێوان هاوسەنگییەکی ورددا دەبیننەوە؛ لە لایەک پاراستنی سەروەریی خۆیان لە بەرانبەر هێرشەکان، لە لایەکی دیکەش پاراستنی گەشەپێدانی ئابوورییان لەوەی پەلکێشی ناو جەنگێکی درێژخایەنی بێسوود بکرێن، بۆیە تا ئێستا بژاردەی "دیپلۆماسیی ئەمنی"یان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی گشتگیر هەڵبژاردووە.