سەرۆکی لیژنەی بەرگریی تورکیا: کێشەی فڕۆکەی F-35 بەرەو چارەسەری یەکجاری دەچێت
سەرۆکی لیژنەی بەرگریی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند, کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن سەبارەت بە پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگیی "F-35" بەرەو چارەسەری یەکجاری دەچن. جەختی کردەوە, تورکیا خاوەنی قورساییەکی گەورەیە لە ناو پڕۆژەکەدا و بە لادانی پاساوەکانی پەیوەست بە سیستەمی "S-400"، پڕۆسەی وەرگرتنی فڕۆکەکان ڕاستەوخۆ دەستپێدەکاتەوە.
شەممە 18ی تەممووزی 2026، خولوسی ئاکار، سەرۆکی لیژنەی بەرگریی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا، لە میانی سەردانێکی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەکانی بەرگری، هەواڵگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، گەشبینیی تەواوی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی بنبەستی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی و گوتی: "کێشەکە چارەسەر دەبێت و هیچ گومانێکمان تێدا نییە؛ ئەو پاساوە تەکنیکییانەی بۆ سڕکردنی تورکیا لە پڕۆژەکەدا هەبوون، لە داهاتوویەکی نزیکدا نامێنن."
بەرپرسانی تورکیا لە گفتوگۆکانیاندا سەرنجییان خستە سەر ئەوەی کە تورکیا تەنیا کڕیار نییە، بەڵکو هاوبەشێکی کارای پیشەسازییە. تورکیا پێش سڕکردنی بەشدارییەکەی لەلایەن واشنتنەوە، بە وردی 1000 پارچەی جیاوازی ئەم فڕۆکە پێشکەوتووەی بەرهەم دەهێنا، ئەمەش وەک کارتێکی گوشار و لێهاتوویی تورکیا لە دانوستانەکاندا بەکارهێنراوە.
سەرۆکی لیژنەی بەرگریی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا لە بارەوە ئاماژەی دا، "S-400 تاکە پاساوی سڕکردنەکە بوو، هەر کە ئەو بابەتە لادرا، پڕۆژەی F-35 راستەوخۆ دەستپێدەکاتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا هەردوو وڵات لە هەموو کاتێک زیاتر لە هەڵگرتنی سزاکانی "کاتسا" (CAATSA) نزیکترن. لێڤێنت گومروکچو، جێگری وەزیری دەرەوە، رایگەیاند، دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە بووەتە یەکێک لە کارە هەرە لەپێشینەکان.
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی رتکردەوە کە باس لە ئەگەری گواستنەوەی سیستەمی رووسیی S-400 بۆ وڵاتی ئیمارات دەکەن، و جەختی کردەوە کە کارکردنی هەمەلایەنە لەسەر ئەو سیستەمە بەردەوامە.