ئێران: هێرشەکانمان تا گەڕانەوەی ئارامی بۆ گەرووی هورمز بەردەوام دەبن
فەرماندەی هێزی ئاسمانی لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هێرش دژی دوژمن تا ئەو کاتەی ئارامی بۆ کەناراوەکانی باشوور و گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.
هەینی 17ـی تەممووزی 2026، عەمید مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی لە سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند، هێرشە ورد و ئاراستەکراوەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانەوە بەردەوام دەبن و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی وەک یەک یەکەی پارێزراو سەیری هەموو خاکەکەی دەکات، لە تارانەوە تاوەکو کۆتا خاڵی باشووری وڵات.
هاوکات، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر ژێرخانی ئێران کرد و هۆشداریی دا، لە لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و کەنداو، هەروەها واشنتنی بە بەرپرسیاری ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە قەڵەم دا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، ناوچەکە پەرەسەندنی سەربازیی گەورەی بەخۆوە بینیوە و چەندین هێرش لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کراون، کە بووەتە هۆی بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکان و ژێرخانی هەردوو لا، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ئاسایشی وڵاتانی کەنداو دروست کردووە.