هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر دەستی لەکار کێشایەوە
دۆغان هاتون، هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بارودۆخی تەندروستی و هەندێک هۆکاری دیکە، بڕیاری داوە لە پۆستەکەی بکشێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەممووزی 2026، دۆغان هاتون، هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر لەسەر پشکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە بە فەرمی دەستی لە کار کێشاوەتەوە و گوتی: "ئەمڕۆ وەک هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر کشانەوەی خۆم بۆ رای گشتی و گەلە نیشتمانپەروەرەکەمان رادەگەینم."
هاتون لەبارەی هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەکەی نووسیویەتی، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، سێ جار نەشتەرگەری (قەستەرە و بالۆن)ـی بۆ کراوە، ئەمەش وایکردووە لە رووی جەستەییەوە نەتوانێت وەک پێویست بەشداری لە کارەکاندا بکات و وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی گەل بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکەی لە چوارچێوەی "پرهنسیپی کشانەوە" دێت کە لە کۆنفرانسی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکانی پارتەکەیدا جەختی لێکراوەتەوە. هاتون دەڵێت: "هەست دەکەم لە ئاستی پێویستدا نەبووم بۆ خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ئەو رۆڵ و ئەرکەی لەسەر شانم بووە."
دۆغان هاتون لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 31ـی ئاداری 2024، توانیبووی 65%ـی دەنگەکانی بەدەست بهێنێت، ببێتە هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی دیاربەکر.
لە بەرامبەردا، دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، داواکارییەکەی دۆغان هاتون بۆ کشانەوە لە پۆستەکەی، لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی پارتەکەوە تاوتوێ کراوە و رەزامەندی لەسەر دراوە.