پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری دزیکردنی لە بازاڕی سێتاقان راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند، کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا نۆ دوکانیان لە بازاڕی گەڕەکی سێتاقان بڕیبوو و بڕێکی زۆر پارەیان دزیبوو.
موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی لە 12ـی تەممووزی 2026 لە رووداوێکی دزیکردن لە بازاڕی گەڕەکی سێتاقان لە هەولێر ئاگادار کرانەوە، هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان لە پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستبەجێ سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کرد.
گوتەبێژی پۆلیس روونیکردەوە، لە رێگەی پشکنینی کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە کە چەند دزێک نۆ دوکانیان شکاندووە و دزییان لێکردوون، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش توانرا ناسنامە و شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان بکرێت و دوای چەند رۆژێک لە چاودێریکردن، هەرسێ تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیرکران.
موقەدەم کیفاح حەسەن ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی گوتەی دادخوازان، تۆمەتبارەکان سێ قاسە و دەخیلەی چەندین دوکانی دیکەیان شکاندووە و نزیکەی 40 ملیۆن دیناریان دزیوە.
دەشڵێت، لە ئێستا هەر سێ تۆمەتبارەکە بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و رێکاری یاسایی پێویستیان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.