سوپای پاسداران: لە کوەیت و بەحرەین هێرشمان کردە سەر ئەمریکا

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند, زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت، هاوکات دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتی نەوتیشی لە گەرووی هورمز راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی "ئیرنا" راگەیەندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، تیایدا هاتووە، چەندین ئامانجی ستراتیژییان لە ناوچەکە پێکاوە، لەنێویاندا لە بەحرەین، دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و وێستگەیەکی چاودێریی ئەمریکی کراونەتە ئامانج. هەروەها لە کوەیت، سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی، رادار و سیستەمی پەیوەندییەکان تێکشکاندووە.

سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی داوە و رایگەیاندووە: "دوای تێکشکاندنی رادارەکان، دەبێت دوژمن چاوەڕێی شەپۆلی توندتر و یەکلاکەرەوەی هێرشی درۆنی و مووشەکی بێت."

میدیای فەرمی ئێران ئاشکرای کردووە، سێ بنکەی سەرەکی ئەمریکا لە کوەیت (عەریفجان، ئەدەیرع، و بنکەی ئاسمانی ئەحمەد جابر) بە درۆنی بۆمبڕێژراو کراونەتە ئامانج. هێرشەکان باڵەخانە کارگێڕییەکان، شوێنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەرەکان و تەنانەت شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکیشیان گرتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سوپای پاسداران رایگەیاند، دوو کەشتی نەوتی سەرپێچیکاریان لە گەرووی هورمز راگرتووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو کەشتیانە هەوڵیانداوە لە رێڕەوێکی نائەمن تێپەڕ بن و دوای ئەوەی تەقینەوەیان تێدا روویداوە و ئاگر لە پشتی کەشتییەکان کەوتووەتەوە، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

سوپای ئەمریکا بۆ شەوی 10یەم لەسەریەک، هێرشی چڕ دەکاتە سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی، توانای دەریایی و پێگەکانی هاویشتنی مووشەک و درۆن لە ناوخۆی ئێران. لە بەرامبەردا ئێران رایگەیاندووە، ئەم هێرشانەی ئەمڕۆی سەر کوەیت و بەحرەین وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ هێرشەکانی ئەمریکا.