ئەمریکا هێرشی نوێی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، کاتژمێر 5:00 بەرەبەیان بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەراست، گەڕێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس ئاماژەی داوە کە هێرشەکان ئەم شوێنانەیان کردووەتە ئامانج، بنکەکانی فەرماندەیی سەربازی، توانا دەریاییەکان، شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆن هەروەها سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی.
ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئامانجی ئەم هێرشانە بریتییە لە لاوازکردنی تواناکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبن.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بەردەوامە. ئامارەکان نیشانی دەدەن لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا ئێستا، هێزەکانی ئەمریکا هاوکاری تێپەڕبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان کردووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشی تەواودان بۆ لێپرسینەوە لە ئێران لەبەرانبەر هەر دەستدرێژییەکی ناڕەوا بۆ سەر دەریاوانە مەدەنییەکان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.