وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریکا لە پاراستنی سەربازەکانی شکستی هێناوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ئالنگارییەکی گەورە بوونەتەوە و سیستمە بەرگرییەکانیان ناتوانن پارێزگارییەکی تەواو لە سەربازەکانیان بکەن لە بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکانی ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، واشنتن توانای دابینکردنی پاراستنی تەواوی بۆ 50 هەزار سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە، مووشەکییە بالیستییەکان و درۆنەکانی ئێران وەک هەڕەشەیەکی راستەقینە و مەترسیدار ماونەتەوە، سەرەڕای ئەو هێرشە سەربازییانەی کە ئەمریکا چەندین جار ئەنجامی داون بۆ سەر پێگەکانیان.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاندووە لە 18ـی تەممووزی رابردوو، دوو سەربازی ئەمریکی لە ئوردن کوژراون. ئەمە لە کاتێکدا بووە، هەوڵیان داوە بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و درۆنی ئێران بدەنەوە کە بنکەی ئاسمانی موفەق ساڵتی کردبووە ئامانج، کە یەکێکە لە بنکە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکەی سەر ئوردن، یەکێک بووە لە سێ هێرشی مووشەکی جیاواز کە تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە هەفتەی رابردوودا ئەنجامدراون. ئەمەش دەری دەخات، ئاست و خێرایی هێرشەکانی ئێران دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی لە زیادبوون کردووە.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، هێرشەکەی سەر بنکەی موفەق ساڵتی راستەوخۆ بەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازەکان کەوتووە. جگە لە کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی چەندانی دیکە، تەرمی سەربازێکی سێیەمیش لە ناو بنکەکەدا دۆزراوەتەوە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە. ئەم ئامارانە قەبارەی ئەو زیانە گەورانە نیشان دەدەن کە بەر هێزەکانی ئەمریکا دەکەون لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکاندا.