ئایا ئەڵمانیا بە نهێنی خەریکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە ؟
پرسی چەک و بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی لە ئەڵمانیا بووەتە مژارێکی گەرمی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ لە کاتێکدا هەواڵگریی رووسیا, بەرلین بە پەرەپێدانی نهێنیی بەرنامەیەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکات، فرێدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، بە توندی پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان رەت دەکاتەوە و جەخت لەسەر پاراستنی چەتری ئەتۆمیی ناتۆ و ئەمریکا دەکاتەوە، هاوکات شیکردنەوەکان ئاماژە بە دەستپێکردنی دیالۆگێکی نوێی ئەتۆمی دەکەن لە نێوان بەرلین و پاریسدا.
تۆمەتەکانی هەواڵگریی رووسیا (SVR) و گومانی ناتۆ
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی رووسیا (SVR)، زیاتر لە 30 زانکۆی ئەڵمانیا توێژینەوەکانیان لە بوارە هەستیارەکانی وەک زانستی کەرەستە تایبەتەکان، فیزیای شەپۆلە شۆکەکان، و فیزیای ئەتۆمی و نیترۆنی بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان کردووەتەوە.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ئێستا تاقیکردنەوەی پراکتیکی لەسەر شەش راکتەری توێژینەوە لەم زانکۆیانەدا بەڕێوەدەچێت، لە نێویاندا: پەیمانگای کارلسروهە بۆ تەکنەلۆجیا، زانکۆی روور لە بوخوم، زانکۆی لودویگ ماکسیمیلیان لە میونشن، زانکۆی ئاخن (RWTH Aachen) و زانکۆی تەکنیکیی بەرلین
هەواڵگریی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات، لانی کەم یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی ناتۆ نیگەرانیی قووڵی خۆی لەم چالاکییە ئەتۆمییانەی ئەڵمانیا دەربڕیوە. بەپێی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانی سەربازیی ناتۆ، بەرلین توانای هەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ماددەی پیتێندراوی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی لە ماوەی یەک تا سێ مانگدا بەرهەم بهێنێت، و بەبێ پێویستی بە تاقیکردنەوەی بەرفراوان، لە ماوەی ساڵێکدا تەقەمەنییەکی ئەتۆمیی کارا دروست بکات.
ئەوەی زیاتر هاوپەیمانانی ناتۆی نیگەران کردووە، هەماهەنگیی ورد و نزیکی نێوان وەزارەتە جیاوازەکانی ئەڵمانیایە لە پەرەپێدانی پیشەسازی بۆ تەقەمەنییە خاوەن وزە بەرزەکان و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی تەقاندن. لەم پرۆژانەدا چەندین کۆمپانیای گەورەی کەرتی بەرگریی ئەڵمانیا بەشدارن، لەوانە: (Rheinmetall AG، Diehl Stiftung، KNDS Group، و Umarex GmbH).

هەڵوێستی فەرمیی ئەڵمانیا
هەینی 17ی تەممووزی 2026، فرێدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەیدا، پێشنیازەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، قبووڵ کردووە بۆ بیرکردنەوەی هاوبەش لەبارەی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی؛ مێرتز گوتی: "پێشتر و لە سەردەمی شارڵ دی گۆڵدا پێشنیازی هاوشێوە هەبووە و ئەڵمانیا رەتی کردووەتەوە، چونکە لە جیهانێکی جیاوازدا دەژیاین، بەڵام جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە وەڵامی نوێ هەیە."
هەروەها پێشتر فرێدریک مێرتز، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بە توندی وەڵامی ئەم گومانانەی دایەوە باس لە پەرەپیدانی چەکی ئەتۆمی دەکەن و چەند خاڵێکی سەرەکیی روون کردبووەوە
مێرتز بە روونی رایگەیاندبوو، ئەڵمانیا بەپێی دوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پابەندکەر کە لە رووی یاساییەوە گرێدراون (رێککەوتنی 2+4 و پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی NPT)، بەڵێنی داوە کە چەکی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی بەرهەم نەهێنێت و نەبێت؛ بۆیە خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی لە دەسەڵات و بەرپرسیارێتی ئەواندا نییە.
راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی کردەوە، ئەوان دەیانەوێت توانای سەربازی و بەرگریی ئەوروپا بەهێز بکەن، بەڵام هاوکات دانی بەوەدا نا کە ئەوروپا هێشتا بۆ پاراستنی سەربازی پشت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبەستێت.
ئاشکراشی کرد، ئەوان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا گفتوگۆ لەسەر "بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی هاوبەش" دەکەن. ئەم گفتوگۆیانە هێشتا لە قۆناخی سەرەتادان و هیچ دژایەتییەکیان لەگەڵ هاوبەشی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکادا نییە، بەڵکو دەکرێت وەک تەواوکارێک بن (هاوشێوەی ئەوەی لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا هەیە).

شیکردنەوەی ستراتیژی و واقعیی دۆسیەکە
سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵات (Ośrodek Studiów Wschodnich - OSW) یەکێکە لە دیارترین دامەزراوە شیکاری و بیرکەرەوەکانی (Think Tank) ئەوروپا، کە مەڵبەندەکەی لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندایە. ئەم سەنتەرە سەرنجی سەرەکیی خستووەتە سەر رەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکانی دەوروبەری پۆڵەندا.
سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵات راپۆرتێکی شیکارییە سەربەخۆکان دۆخی ئەتۆمیی ئەڵمانیا لە سێ ئاراستەی سەرەکیدا دەخاتەڕوو:
1- هاوبەشیی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکادا (NATO Nuclear Sharing):
بۆ ئەڵمانیا، بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی ناتۆدا هێشتا وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی دەمێنێتەوە؛ بۆمبی تاکتیکی B61: بنکەی ئاسمانیی "بوشێل" لە ویلایەتی راینلاند-پالاتینات میوانداری نزیکەی 20 بۆمبی ئەتۆمیی تاکتیکی لە جۆری (B61)ی ئەمریکی دەکات.
رێککەوتنی کڕینی فڕۆکەی F-35: دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، ئەڵمانیا بڕیاری دا فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-35A بکڕێت بۆ جێگرتنەوەی فڕۆکە کۆنەکانی "تۆڕنادۆ" لە دوای ساڵی 2027، بە مەبەستی گواستنەوەی بۆمبە ئەتۆمییە ئەمریکییەکان. ئەم بڕیارە بە تەواوی زامنی مانەوەی ئەڵمانیای کرد لە پڕۆگرامەکەدا.
دوودڵی گەلی ئەڵمانیا: سەرەڕای هەوڵە فەرمییەکان، کۆمەڵگای ئەڵمانی هێشتا بە گومانەوە سەیری متمانەکردن بە ئەمریکا دەکات؛ بەپێی راپرسییەکی تشرینی دووەمی 2025، 62%ی بەشداربووان نیگەرانی خۆیان لە پشتبەستن بە چەتری ئەتۆمی ئەمریکا دەربڕیوە.
2- دیالۆگی ستراتیژی لەگەڵ فەرەنسا و پرسی "چەتری ئەوروپی":
بەهۆی دڵنیا نەبوون لە ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنیی واشنتن لە ژێر سایەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، تاران و بەرلین هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان خێرا کردووە
لە ئابی 2025دا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی فەرەنسا و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا، دیالۆگێکی ستراتیژی لەسەر بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی دەستیپێکردووە. بۆ لایەنی فەرەنسی، پاراستنی سەروەریی یەکلایەنە و رەها بەسەر چەک و بڕیارە ئەتۆمییەکانیدا هێڵێکی سوورە و گفتوگۆیی لەسەر ناکرێت.
راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە 75%ـی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا پشتیوانی لە خستنی وڵاتەکەیان دەکەن لەژێر چەتری ئەتۆمیی فەرەنسا و بەریتانیادا، هاوکات 64% پێیان وایە کە دەبێت ئەوروپا توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی سەربەخۆی خۆی گەشە پێبدات.

3- ئەڵمانیا وەک "وڵاتی لێوار"
لایەنە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان ئەڵمانیا وەک وڵاتێکی لێواری ئەتۆمی دادەنێن، ئەمەش بەو مانایەیە کە وڵاتەکە لە رووی پیشەسازی و تەکنەلۆجییەوە توانای پێویستی هەیە لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز و پاڵپشتی دارایی و بارودۆخێکی نێودەوڵەتی گونجاو بێتە کایەوە.
هەرچەندە دوا سێ راکتەری مەدەنی ئەڵمانیا لە ساڵی 2023دا داخران، بەڵام کارگەی کۆنسۆرتیۆمی "Urenco" لە ناوچەی گرۆناو هێشتا کار دەکات و یۆرانیۆمی کەم پیتێندراو بەرهەم دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت ئەگەر ئەڵمانیا بڕیاری بەرهەمهێنانی چەکیش بدات، لە بواری پیشەسازی گواستنەوەی چەکدا خاوەن سەربەخۆیی نییە.

کاردانەوەکانی مۆسکۆ و هۆشدارییەکانی پووتین
دەزگای هەواڵگریی رووسیا (SVR) نیگەرانیی قووڵی خۆی لەم هەوڵە ئەتۆمییانەی ئەڵمانیا دەربڕیوە، بە تایبەتی بەهۆی مێژووی سەربازیی رابردووی ئەو وڵاتە و پلانی مێرتز بۆ کردنی سوپای ئەڵمانیا بە بەهێزترین سوپای کۆنڤێنشناڵ لە ئەوروپادا.
لای خۆیەوە، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداری توندی داوە و رایگەیاندووە، مۆسکۆ بە وردی چاودێری "سەربازیکردنی ئەوروپا" دەکات و هۆشداری دا کە وەڵامە توندەکانی مۆسکۆ بۆ هەر هەڕەشەیەک زۆری پێ ناچێت.