سێنتکۆم: هێزەکانمان هێرشێکی دیکەیان کردە سەر ئێران
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، دەستیان بە زنجیرەیەک هێرش کردووە بۆ سەر ئێران و ئامانجی سەرەکیان لاوازکردن و تێکشکاندنی توانا سەربازییەکانی ئێرانە.
ئەمرۆ دووشەممە، 20ـی تەمموزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سێنتكۆم رایگەیاند: ئەمڕۆ کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن، هێزەکانیان بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی وڵاتهكهیان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەستیان بە زنجیرەیەك هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە لاوازکردن و تێکشکاندنی ئەو توانا سەربازییانەی ئێرانە، کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاریان دەهێنن.
سێنتكۆم جەخت دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە سەربازییە بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و رێگریکردنە لەو هەڕەشانەی کە ئێران لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا بۆ سەر بازرگانیی جیهانی دروستی کردوون.
هاوکات دوای راگەیەندراوەکەی سێتنکۆم؛ میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە بەندەر عەباس، قشم و سیریک بیستراوە؛ ئاماژەشیان داوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر چالاککراوە
بەرپرسێکی ئەمریکیش بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی باجێکی قورس بە ئێران بدات، بەهۆی پێشێلکارییەکانی لە یاداشتی لێکتێگەیشتن و بەردەوامیی کردەوە سەربازییەکانیان لە گەرووی هورمزدا؛ هەروەها ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە، ئێران باجی سەربازە کوژراوەکانی ئەمریکا بداتەوە.
ئەکسیۆس ئاماژەشی داوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی ترەمپ بڕیارێکی دیکە دەدات، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانیش دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش هێشتا بەردەوامن."