حووسییەکان: دەبێت سعوودیە و ئەمریکا و بەریتانیا تاڵی بچێژن

فەرماندەیەکی باڵای چەکدارە حووسییەکانی یەمەن دەڵێت " چەکدارەکانمان بەڵێنەکانیان دژی ئەو دوژمنەی لە زمانی هێز تێناگات، جێبەجێ دەکەن و دەبێت نەک هەر سعوودیە، بەڵکو ئەمریکا و بەریتانیاش تاڵی بچێژن".

رەشید وەتیری فەرماندەی باڵای چەکدارە حووسییەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا جەخت لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە دژی سعوودیە دەکات و دەڵێت "دەبێت ئەم هەنگاوە بۆ کۆتایهێنان بە گەمارۆی سەر یەمەن بگرینەبەر، بە تایبەت گەمارۆی دەریایی نەک هەر بۆ سعوودیە کارەساتبار دەبێت، بەڵکو زیانی بۆ ئەو وڵاتانەش دەبێت کە پشتیوانی لە ریاز دەکەن.

هەروەها جەخت دەکاتەوە، گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیە دەسەپێنین، دواتریش کۆمپانیا ئەمریکی و بەریتانییەکان کە لە سعوودیە کاردەکەن دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی تاڵی لەدەستدان بزانن. 

وەتیری دەڵێت: کردەکانمان دژی سعوودیە فراوان و کاریگەر دەبن؛ چونکە دەرفەت و هەلی زۆرمان بە دوژمنەکانمان دا، بەڵام بەهەندیان وەرنەگرت، بۆیە چیتر بۆ مێزی دانوستان ناگەڕێنەوە و لەمەودوا هەر کەشتییەک بەرەو بەندەرەکانی سعوودیە جووڵە بکات. دەکەینەوە ئامانج.

دوێنێ دووشەممە 20ـی تەممووز، چەکدارە حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیە سەپاند و ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ راگەیاند.

هەروەها رایانگەیاندووە "گەمارۆ بە گەمارۆ وەڵام دەدەنەوە، بۆیە هەموو جووڵەیەکی دەریایی بە ئاراستەی سعوودیە قەدەخە دەکەن و سەرجەم رێگەکان دادەخەن، چونکە زیاتر لە 12 ساڵە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر یەمەن، بۆیە مامەڵەی هاوشێوە دەکەن و گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیە دەسەپێنین".

هەر لە پاڵ ئەو هەڕەشانەی لە سعوودیەیان کردووە، پەیامێکیشیان ئاراستەی خەڵکی ناوخۆی یەمەن کردووە، بۆ هەڵمەتی خۆبەخشی و خۆپڕ چەککردنی هاووڵاتییانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سعوودیە.