رۆیتەرز: ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور نرخی نەوتی گەیاندە 91 دۆلار
دوو نەوتهەڵگری سعوودی رێڕەوی خۆیان لە دەریای سوور گۆڕی
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوو نەوتهەڵگری سعوودی کە نەوتی خاویان بۆ وڵاتانی ئاسیا دەگواستەوە، رێڕەوی گەشتەکەیان لە دەریای سوور گۆڕیوە.
حووسییەکان قەدەخەی هاتووچۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا راگەیاند. لە پەیامێکی فەرمیشدا بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی، هۆشدارییان داوە کە هەر کەشتییەک نەوتی سعوودی باربکات یان دایبگرێت، دەبێتە ئامانجی هێرشەکانیان.
بەهۆی ئەم هەڕەشانەوە، دوو نەوتهەڵگر کە لە بەندەری یەنبووعی سعوودیەوە بەرەو چین و هیندستان بەڕێکەوتبوون، لە جیاتی تێپەڕبوون بە گەرووی بابولمەندەب بەرەو زەریای هیندی، ئاراستەی خۆیان گۆڕی بۆ کەناڵی سوێس.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بارودۆخەکەوە رایگەیاند، تا ئێستا حووسییەکان گەرووی بابولمەندەبیان بە تەواوی دانەخستووە، بەڵام هۆشداری توندی دا و گوتی: "ئێمە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین و لە کۆنترۆڵماندایە، ئەگەر شتێکی وا رووبدات، بە توندی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین."
کۆمەڵەی ڤانگاردی بەریتانی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییە دەریاییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە یەکەم گۆڕانکاریی پشتڕاستکراوەی رێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکانە دوای بڕیارەکەی حووسییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی زیاتری هەناردەی نەوتی سعوودیە و تێکچوونی هێڵەکانی گواستنەوە لە ناوچەکەدا.
بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز، دەریای سوور ببووە تاکە رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی ملیۆنان بەرمیل نەوتی سعوودیە لە رێگەی بۆرییەکانەوە بۆ بەندەری یەنبووع. ئەم ئاڵۆزییانە راستەوخۆ کاریگەرییان کردە سەر بازاڕەکانی جیهان؛ نرخی نەوتی خاو زیاتر لە 2% بەرزبووەوە و نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەروو 91 دۆلار، هەروەها نرخی بەنزین لە ئەمریکا ئاستی چوار دۆلاری بۆ هەر گاڵۆنێک تێپەڕاند.