قایمقامیەتی سلێمانی: قەیرانی گازمان نییە
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە هیچ قەیرانێکی گازی ماڵان لە سنوورەکەدا نییە، هاوکات داوا لەو خێزانانە دەکەن کە کۆبۆنی خۆراکیان نییە، سەردانیان بکەن بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان و وەرگرتنی گاز.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بوکوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە پرۆسەی دابەشکردنی گازی ماڵانیان بە سیستمی کۆبۆن رێکخستووە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە کارئاسانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان کردووە و بە تەواوی رێگری لە دروستبوونی هەر کەمبوونەوە یان قەیرانێکی گاز کردووە.
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنەکە، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان روونی کردەوە کە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گاز راستەوخۆ دەچنە ناو گەڕەکەکان و لەبەردەم ماڵاندا گاز بە هاووڵاتییان دەدەن، لە بەرامبەریشدا کۆبۆن لە هاووڵاتییەکە وەردەگرن و مۆری دەکەن؛ ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی مافی گشتی و دڵنیابوونەوە لەوەی هەمووان بە یەکسانی سوودمەند دەبن.
لە بارەی ئەو خێزانانەی کە کۆبۆنی خۆراکیان نییە، یان دانیشتووی سلێمانین بەڵام کۆبۆنی خۆراکیان سەر بە شارەکانی دیکەیە، بابان ئەحمەد ئاشکرای کرد، ئەم خێزانانە دەتوانن سەردانی لیژنە هاوبەشەکان بکەن بۆ ئەوەی نووسراوی پشتگیرییان بۆ بکرێت، هەروەها ئەو هاوسەرە نوێیانەی کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک بکەن بۆ دروستکردنی پسوولەی پێویست.
بەپێی زانیارییەکانی لیژنە هاوبەشەکان، رۆژانە نزیکەی 70 هەزار بوتڵ گاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، کە تێیدا هەر خێزانێک دەتوانێت لە رێگەی سیستمی کۆبۆنەوە بوتڵێک گاز بە نرخی فەرمی 8.500 دینار وەربگرێت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا 22 کارگەی بەرهەمهێنانی گازی ماڵان هەن، کە رۆژانە بە شێوەیەکی بەردەوام پێداویستییەکانی سنوورەکە پڕ دەکەنەوە.