کۆنگرێس رێگری لە داخستنی دامەزراوە حکوومییەکانی ئەمریکا دەکات
کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ رێگریکردن لە ئەگەری داخستنی دامەزراوە فیدراڵییەکان پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە پاییزی ئەمساڵدا، پڕۆژەیاسایەکی کاتیی بۆ دابینکردنی بودجەی حکوومەت تاوەکو رێکەوتی 4ـی کانوونی یەکەمی داهاتوو پەسەند کرد.
کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ خۆدوورخستنەوە لە ئەگەری داخستنی حکوومەتی فیدراڵی، ئەمەش لە ڕێگەی دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسایەکی کاتی کە بودجەی چالاکییەکانی حکوومەت تاوەکو رێکەوتی 4ـی کانوونی یەکەم مسۆگەر دەکات.
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو مانگ لە بەردەم وادەی کۆتایی بڕیارداندا مابوو، بەڵام سەرکردە کۆمارییەکان لە کۆنگرێس نەیانویستووە ببنە سەرچاوەی دروستکردنی هیچ سەرکێشییەک بە داخستنی فەرمانگەکانی حکوومەتەوە، کە پێدەچێت کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕیاری دەنگدەران دروستبکات پێش چوون بەرەو سندووقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی پاییزی ئەمساڵدا.
مایک جۆنسۆن، سەرۆکی کۆنگرێس پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کرد و بەرەنگاری کردنەوە کە دەنگ بە دژی ئەم پڕۆژەیاسایە بدەن، ئەو ڕایگەیاند: "ئەگەر دیموکراتەکان ئەم یاسایە ڕەت بکەنەوە، ئەوا بە تەواوی خۆیان بەرپرسیار دەبن لەو لێکەوتەی کە بەهۆی ئەگەری داخستنی حکوومەتەوە لە دوای 30ی ئەیلوول دەستپێدەکات."
کۆنگرێس پڕۆژەیاساکەی بە زۆرینەی 220 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 205 دەنگی نەخێر پەسەندکرد، کە دەنگدانەکە بە گشتی لەسەر بنەمای ئینتیمای حزبی و جیاوازیی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان بەڕێوەچوو.
پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی کاتی لە لایەن کۆنگرێسەوە پێش چەند مانگێک لە تەواوبوونی ساڵی دارایی، کارێکی زۆر دەگمەنە و بە گشتی یاسادانەران تەنیا چەند رۆژ یان کاتژمێرێک پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکە دەست بەم هەنگاوە دەکەن؛ بەڵام بەپێی کارنامەی نوێ، دوای ئەوەی ئەم هەفتەیە یاسادانەران واشنتن بەجێدەهێڵن، کۆنگرێس تەنیا 16 رۆژ کۆبوونەوەی لەبەردەمدا دەمێنێت پێش تەواوبوونی وادەی فەرمی دابینکردنی بودجەکە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا.
چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی کاتی کرد، کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکرا و کۆتایی بە درێژترین پەکخستنی حکوومەت لە مێژووی ئەو وڵاتە هێنا کە 43 ڕۆژی خایاند و زیانێکی زۆریشی بە ئابووری وڵاتەکە گەیاند و سەدان هەزار کارمەندیش بێ کاربوون.