مێرز بە فەرمی بانگهێشتی زەیدی دەکات بۆ ئەڵمانیا

حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و گۆڕینی وڵات بۆ ناوەندێکی گرنگی وەبەرهێنان چڕتر دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، پڕۆژەی دامەزراندنی سندوقێکی هاوبەشی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی خستەڕوو، کە لە بەرامبەردا لایەنی ئەڵمانی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ چاکسازییە ئابوورییەکان و ناردنی کۆمپانیاکانیان بۆ بەغدا نیشاندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا قسەی کرد و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگەکانی پەرەپێدان لە بوار و کەرتە جیوازەکاندا تاوتوێ کرا.

سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە، حکوومەت بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە، و کار دەکات بۆ ئەوەی عێراق بکاتە ژینگەیەکی وەبەرهێنانی کراوە و بەڵێندەر بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری.

هاوکات عەلی زەیدی، ئاماژەی بەوە کرد، ئەڵمانیا هاوبەشێکی ئابووریی گرنگە و بەردەوامە لە پشتگیریکردنی عێراق.

زەیدی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە خواستی عێراق بۆ فراوانکردنی تەرازووی پارەدانی ئابووری و هاتنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بۆ وەبەرهێنان کرد.

روونی کردەوە، حکوومەت هەوڵ دەدات سندووقێکی هاوبەشی عێراقی-ئەڵمانی دابمەزرێنێت بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی پیشەسازیی وڵات لە لایەن لایەنی ئەڵمانییەوە

لە لای خۆیەوە، راوێژکاری ئەڵمانیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی و بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی عەلی زەیدی کرد بۆ سەردانیکردنی ئەڵمانیا.

هەروەها مێرز پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە بەدیهێنانی چاکسازییە ئابووری و داراییەکان دووپات کردەوە و، ئامادەیی کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق دەربڕی.