ترەمپ: وەڵامی هێرشی سەر کەشتییەکان بۆردوومانکردنی ژێرخانی تاران دەبێت
سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند و نوێی ئاڕاستەی تاران کرد و ڕایگەیاند, هێزەکانیان لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا تەنانەت لە ناوخۆی تارانی پایتەختیشدا بۆردوومان و تێکدەشکێنن.
چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد سەبارەت بە هەر جۆرە هێرشێکی دەریایی لە ناوچەی کەشتیوانی گەرووی هورمزدا.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لە ئێستاوە، هەر کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمزدا، جا بە مووشەک، راکێب، درۆن، یان هەر کەرەستە و چەکێکی دیکە بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەک پرد یان وێستگەیەکی کارەبا بۆردوومان و تێکدەشکێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم بۆردوومان و تێکشکاندنانە تەنانەت ئەو پرد و وێستگانەی کارەباش دەگرێتەوە کە لە نزیک یان لە ناوخۆی شاری تارانی پایتەختدا جێگیر کراون.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، کاتژمێر 3:15 بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ یانزەیەمین شەو لەسەریەک زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سەرکەوتوویان بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە.