ئۆزگور ئۆزەل و 90 پەرلەمانتار لە جەهەپە جیابوونەوە و پارتێکی نوێیان دامەزراند

دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگا لە پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە دوورخرایەوە، ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ زیاتر لە 90 پەرلەمانتار بە فەرمی لەو پارتە دەستیان لەکار کێشایەوە و داواکاریی دامەزراندنی پارتێکی نوێیان رادەستی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرد. 

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە بە بڕیاری دادگا بەهۆی نەمانی شەرعییەت لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە، بە فەرمی لەگەڵ زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری دیکەی ئەو پارتە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند. دەستبەجێ دوای ئەم هەنگاوە، داواکاریی فەرمی بۆ دامەزراندنی "پارتی نوێ" پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرا.

ئەم بڕیارەی ئۆزەل دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ دێت لەگەڵ 74 سەرۆک لقی پارتەکە (کە 52یان لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە)، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ستافی نووسینگەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار.

دوێنێ 23ی تەمووز، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ پەرلەمانتاران، زیاتر لە 90 پەرلەمانتار واژوویان لەسەر لیستی دامەزرێنەرانی پارتە نوێیەکە کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو رەوتە نوێیە دەربڕیوە.

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمووزی 2026، کاتژمێر 14:00، ئەنجوومەنی دامەزرێنەرانی "پارتی نوێ" بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل لە "یانەی ئانادۆڵۆ" یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی گشتی و ئۆرگانە باڵاکانی پارتەکە دیاری دەکرێن و دواتریش دەستەی سەرۆکایەتیی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان هەڵدەبژێرن.

لە کاتی ئێستا و دوای جیابوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل، پارتی نوێ بوون بە پارتی دووەم لەنێو پەرلەمان بە 91  کورسییەوە و جەهەپەش بوو بە پارتی پێنجەم بە 44 کورسییەوە.