یونسکۆ: چەند شوێنەوارێکی مێژوویی لوبنان لە مەترسیدان

رێکخراوی یونسکۆ، قەڵای شەقیف لە لوبنان و شوێنەوارێکی مێژوویی لە کەناری رۆژئاوا دەخاتە لیستی ئەو میراتە جیهانییانەی کە لەژێر مەترسیدان، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە.

رۆژی هەینی 24ی تەممووزی 2026، ئاژانسی کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) رایگەیاند، چەند شوێنەوارێکی مێژوویی لە لوبنان و کەناری رۆژئاوا، لەوانەش قەڵایەکی سەردەمی خاچپەرستەکان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراوە، خستە لیستی میراتی جیهانیی ژێر مەترسی.

قەڵای بوفۆرت کە بە "قەڵای شەقیف" ناسراوە، یەکێکە لەو پێنج قەڵایەی ناوچەی جەبەل عامیل لە باشووری لوبنان کە یونسکۆ بڕیاری پاراستنیانی داوە. ئەم قەڵایە لە مانگی ئایاری رابردوو لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کۆنترۆڵ کرا. یونسکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم قەڵایانە زیانیان بەرکەوتووە و بەهۆی بەردەوامیی جەنگەوە رووبەڕووی هەڕەشەی جددی بوونەتەوە، ئەوەش وای کردووە "رێکاری بە پەلە" بۆ پاراستنیان بگیرێتە بەر.

غەسان سەلامە، وەزیری رۆشنبیری لوبنان رایگەیاند، ئەم بڕیارەی یونسکۆ دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی لوبنان. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا دوو لەو قەڵایانە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی لوبناندان و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی قەڵای "شەما"یان وێران کردووە و هەڕەشەی رووخاندنی قەڵای شەقیفیش دەکەن.

هاوکات، رێکخراوەکە ناوچەی شوێنەواری "سەباسیە"ی نزیک شاری نابلسی لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین خستە هەمان لیستەوە. ئەم شوێنەوارە کە بە شاری مێژوویی "سامیرە" ناسراوە، لە ساڵی 2025ـەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیراوە و نزیکەی 200 هێکتار لە زەوییە فەڵەستینییەکانی دەوروبەری بۆ پڕۆژەی نیشتمانیی ئیسرائیل جیا کراونەتەوە.

یونسکۆ هۆشداری دەدات کە پڕۆژەکانی ئیسرائیل و دروستکردنی سیاج و رێگەی تایبەت لەو ناوچەیە، یەکپارچەیی شوێنەوارەکە تێکدەدەن. لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و رایگەیاند، ئەمە هەوڵێکە بۆ سڕینەوە و نکۆڵیکردن لە پەیوەندی مێژوویی جووەکان بەو خاکەوە.

بڕیاری خستنە ناو لیستی مەترسیی ئەم شوێنەوارانە، دوای دەنگدانی سەرجەم 196 وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی یونسکۆ پەسند کرا.