سوپای پاسداران هۆشداری بە خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە دەدات

سوپای پاسدارانی هۆشداری بە خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە دەدات و دەڵێت: لەپێناو سەلامەتی خۆتان 500 مەتر لە بنکە و شوێنەکانی مانەوەی سەربازانی ئەمریکی دوور بکەونەوە، چونکە هێرشەکانمان بۆ تۆڵەسەندنەوە توند دەبن.

رۆژی هەینی 24ی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە کرد کە سوپای ئەمریکا بنکەی سەربازانی تێدا جێگیرکردوون، جەخت دەکاتەوە کە وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشەکانی ئەمریکا توند دەبێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، زۆرێک لە ئەفسەران و سەربازانی ئەمریکا لە ترسی هێرشی هێزەکانی ئێران بنکەکانیان چۆڵکردووە و لە ناو باڵەخانەکانی ناو شارەکاندا خۆیان حەشارداوە، هەربۆیە داوا لە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەکات، هەرچی زووە لانیکەم 500 مەتر لە هەر شوێن و حەشارگەیەکی سەربازانی ئەمریکا دوور بکەونەوە، بۆ ئەوەی پارێزراو بن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران داوای لە خەڵکی ئەو وڵاتانە کردووە، دەتوانن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوکاریان بن زانیاریی لەسەر شوێنی نوێی خۆ حەشاردانی سەربازانی ئەمریکی بدەن.

 جارێکی دیکە ئاماژەی بە جەنگی سەپێندراو کردووە و رایگەیاندووە، پێنج مانگ لەمەوبەر ئەمریکا بەبێ هیچ پاساوی یاسایی و لە رێگەی تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی سیاسی و ئایینی و کوشتنی 168 منداڵی قوتابی، جەنگی دژی ئێران دەستپێکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای 40 رۆژ لە جەنگ، ئێران ئامادەیی نیشاندا بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکات، بەڵام لایەنی ئەمریکی پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و لە 12ی تەممووزەوە بە فەرمی رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و جەنگی دەستپێکردووەتەوە.

سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، دوای تێپەڕبوونی 13 رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕەکە، ئەمریکا بەهۆی شکستی سەربازییەوە پەنای بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی سڤیل بردووە و پرد، کەشتی راوەماسی و شەمەندەفەرەکانی کردووەتە ئامانج، هەروەها دوێنێش بە کوشتن و بریندارکردنی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە سنووری عێراق، تاوانەکانی گەیاندووەتە لوتکە.