زێلێنسکی کارگەیەکی درۆن لە ئەمریکا دەکەینەوە
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هاوکارییەکانی نێوان کیێڤ و واشنتن لە بواری درۆندا پەرەدەسێنێت و پڕۆژەی دروستکردنی کارگەیەکی گەورە لەناو خاکی ئەمریکا دەگرێتەوە، تێیدا تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئۆکرانی بەکاردەهێنرێت.
زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لۆرا لوومەر بلۆگهری ئەمریکی بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکرانیا دەیەوێت بە خێرایی بەرەو پێشەوە بچێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنە سەرەتاییەکەی لەگەڵ واشنتن. گوتیشی: "ئێمە خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی گرنگین و ئەمریکاش تەکنەلۆژیایەکی نایابی هەیە، بۆیە ئەم رێککەوتنە بۆ هەردوولا سوودبەخشە."
سەبارەت بە تواناکانی ئۆکرانیا لەم بوارەدا، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، تەکنەلۆژیای درۆن بەردەوام لە گۆڕاندایە و ئێستا درۆنە ئۆکرانییەکان دەتوانن مەودای زیاتر لە سێ هەزار کیلۆمەتر ببڕن، چاوەڕوانیش دەکرێت لە داهاتوودا ئەم مەودایە زیاتر بێت.
زێلێنسکی جەختی کردەوە: "کارگەیەکی گەورە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست دەکەین و دەمانەوێت هێڵی بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆمان هەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە واشنتن رایگەیاند، وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە لە قۆناخی داڕشتنەوەدایە، و بڕیارە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان زێلێنسکی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەدەچێت، تاوتوێ بکرێت.