ئیکۆ عێراق: هەرێمی کوردستان رۆڵی لە بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی عێراق هەبووە
روانگەی ئیکۆ عێراق بۆ کاروباری ئابووری بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی دارایی عێراقدا، رێژەی بەشداریی داهاتە نانەوتییەکان لە کۆی گشتی داهاتە داراییەکانی وڵاتدا گەیشتووەتە %16، کە ئەمەش بەرزترین رێژەیە تا ئێستا تۆمار کرابێت.
روانگەکە لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا داهاتە نانەوتییەکان بگاتە %16، لە کاتێکدا ئەم rێژەیە بۆ چەندین ساڵ لە %5 تێنەدەپەڕی."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەم داهاتانە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ نزیکەی 10% بەرزبووەوە، دواتر لە سەردەمی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی لەسەر ئەو ئاستە جێگیر بوون، پێش ئەوەی لە ئێستادا بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆیان تۆمار بکەن."
روانگەی ئیکۆ عێراق روونکردنەوەی داوە کە داهاتە نانەوتییەکان لە چەند سەرچاوەیەکی جیاواز پێکدێن، لەوانە، باجی سەر کاڵاکان، رسووماتی بەرهەمهێنان، رسووماتی گشتی، باجی سەر داهات و سامان، داهاتە گواستراوەکان، لەگەڵ چەند داهاتێکی دیکەدا.
هاوکات، تیشک خراوەتە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان لەم بەرزبوونەوەیەدا و ئاشکرا کراوە "داهاتەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5% کۆی گشتی داهاتە نانەوتییەکان پێکدەهێنن، ئەمەش لە رێگەی ئەو پارانەوەیە کە حکوومەتی هەرێم رادەستی حکوومەتی فیدراڵی دەکات"، بەپێی راپۆرتەکە، ئەم بەشدارییەی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەرێکی سەرەکی بووە لە پاڵپشتیکردن و گەیشتنی کۆی داهاتە نانەوتییەکان بەو ئاستە پێوانەییە نوێیە.