هاوپەیمانیی مەسیحی دەستپێخەریی "تەلکێف" بۆ پاراستنی پێکهاتەی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا رادەگەیەنێت
هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق، لە کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆیدا لە 25ی تەممووزی 2026، بە شێوەیەکی فەرمی دەستپێخەریی نیشتمانیی "تەلکێف"ی راگەیاند بە مەبەستی پاراستنی بوونی مێژوویی مەسیحییەکان و ناسنامەی دیمۆگرافیی رەسەنی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا.
هاوپەیمانیی مەسیحی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، نەتەوەیی و مرۆیی خۆیدا، و لە کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانە، هاوپەیمانیی مەسیحی دەستپێخەریی تەلکێفی راگەیاند؛ کە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیرە و ئامانجیەتی پاراستنی بوونی مێژوویی مەسیحییەکان، پاراستنی ناسنامەی دیمۆگرافیی رەسەنی ناوچەکانیان، بەتایبەت لە دەشتی نەینەوا، بە جۆرێک کە بنەماکانی دادپەروەری، سەروەریی یاسا و پێکەوەژیان بەهێزتر بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ناوی تەلکێف بۆ ئەم دەستپێخەرییە هەڵبژێردراوە، بەهۆی ئەو گرنگییە شارستانی، مێژوویی و نیشتمانییەی کە ئەم شارۆچکە کلدانییە دێرینە هەیەتی، و بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی پێکهاتەی دانیشتووانەکەی و ناسنامە مێژووییەکەی دەبنەوە، کە دەکاتە هێمایەک بۆ خەبات لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی سەرجەم رۆڵەکانی گەلەکەمان.
لە راگەیەندراوەکە دیدگای دەستپێخەرییەکە خراوەتەڕوو و باسی لەوە کردووە، دەستپێخەریی تەلکێف لە باوەڕێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە پاراستنی فرەچەشنی دیمۆگرافی و کولتووری، تەنیا کێشەیەکی تایبەت بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مرۆییە، چونکە یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی سەقامگیریی عێراق و داهاتووەکەی، بەتایبەت دوای ئەو وێرانکارییەی کە بەسەر ناوچەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمنەکاندا هات و ئاوارەبوونی گەلەکەیان لە کاتی داگیرکاریی نادادپەروەرانەی ناوچەکانیان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە.
هاوپەیمانیی مەسیحی دەشڵێت: دەستپێخەرییەکە بەرنامەیەکی پێکەوەبەستراو لە چەند ئاراستەیەک لەخۆ دەگرێت:
• ئاراستەی یاسایی: بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خاوەندارێتی و گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکان بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.
• ئاراستەی سیاسی: بۆ گەیاندنی دەنگی مەسیحی بە هاوبەشەکانمان لە نیشتماندا و بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتە رەسەنەکان.
• ئاراستەی ئابووری: بۆ پشتگیریکردن لە خۆڕاگریی دانیشتووانی ناوچەکە، هاندانی وەبەرهێنانی و رەخساندنی هەلی کار.
• ئاراستەی کۆمەڵایەتی و کولتووری: بۆ پاراستنی ناسنامە، کەلەپوور و بوونی مێژوویی.
• ئاراستەی گەنجان: بۆ بەهێزکردنی نەوە نوێیەکان و بەستنەوەیان بە خاکی باوباپیرانیانەوە.
• ئاراستەی نێودەوڵەتی: بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمینەکان و گەلە رەسەنەکانەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە پاشخانی یاسایی دەکات و باسی لەوە کردووە، بەشێکی گرنگی ئەو ئاستەنگانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی دانیشتووانی دەشتی نەینەوا دەبنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە دیمۆگرافییانەی کە رژێمی پێشوو پەیڕەوی کردبوو، کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە چەندین ناوچەی مەسیحی کردبووە ئامانج.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیارترین ئەو رێوشوێنانە، بڕیاری سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاو ژمارە (117)ی ساڵی 2000 بوو، کە دەرئەنجامی مەترسیی لێ کەوتەوە و بریتی بوو لە دەستبەسەرداگرتنی رووبەرێکی فراوان لە زەویوزار لە تەلکێف، تلسقۆف، حەمدانییە، بەرەتڵە، کرمۆلیس، باطنایا و ناوچەکانی تر، ئەمەش بووە هۆی بێبەشکردنی هەزاران هاووڵاتی لە سوودوەرگرتن لە موڵک و ماڵی باوباپیرانیان کە لە رێگەی نەوەکانەوە بۆیان بەجێما بوو، هەروەها دابەشکردنی نزیکەی (1600) پارچە زەویی نیشتەجێبوون لە تەلکێف لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەدا گرتەوە. ئەم ئاراستەیە دواتر لەژێر بڕیاری ژمارە (12)ی ساڵی 2004دا هەڵوەشایەوە، بەڵام چەندین شوێنەواری پراکتیکی و کارگێڕیی هێشتا لە هەندێک فەرمانگەدا ماون، ئەمەش چارەسەرێکی یاسایی و کارگێڕیی گشتگیر دەخوازێت کە گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان مسۆگەر بکات.
هاوپەیمانیی مەسیحی جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە بڕگەکانی دەستووری عێراقی دەکاتەوە کە پاراستنی موڵکایەتیی تایبەت مسۆگەر دەکەن، و رەتیدەکاتەوە کە سیاسەتە زەوییەکان یان کارگێڕییەکان بۆ بەدیهێنانی هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی بەکاربهێنرێن، ئەمەش لابردنی شوێنەوارە ماوەکانی ئەو سیاسەتانە دەکاتە ئەرکێکی دەستووری و نیشتمانی، بە شێوازێک کە لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی یاسادا بگونجێت.
هاوپەیمانیی مەسیحی ئامانجەکانی دەستپێخەریی تەلکێف خستووەتەڕوو و کە پێکهاتوون لە:
• لابردنی سەرجەم شوێنەوارە یاسایی و کارگێڕییەکانی پەیوەست بە سیاسەتەکانی رابردوو کە زیانیان بە مافەکانی هاووڵاتییان لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا گەیاندووە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچنانەی کە وێران کراون و گەلەکەیان بە زۆر ئاوارە کراون.
• گەڕاندنەوەی مافە موڵکایەتییەکان بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان بەپێی یاسا.
• پاراستنی ناسنامەی مێژوویی و دیمۆگرافیی ناوچە رەسەنە مەسیحییەکان.
• بەهێزکردنی مانەوە وبوونی هاووڵاتییان لە خاکەکەیان لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە و گەشەپێدانی بەردەوام.
• چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبوونی یەکسان و رێزگرتن لە فرەچەشنی کە سەرچاوەی هێزە بۆ عێراق.
هاوپەیمانیی مەسیحی بانگهێشتی سەرجەم هێزە سیاسییەکان، دامەزراوە نەتەوەییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، توێژە ئەکادیمییەکان، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و رۆڵەکانی گەلەکەمان لە ناوخۆ و دەرەوە دەکات، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە «دەستپێخەریی تەلکێف»ەوە بکەن و پشتگیری بکەن، بە وێنەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی کە ئامانجیەتی پاراستنی مرۆڤ، خاک و ناسنامە، و چەسپاندنی دادپەروەری، و پاراستنی یەکێک لە دێرینترین پێکهاتەکانی مێزۆپۆتامیا.
دووپاتیشی دەکاتەوە، بەرگریکردن لە تەلکێف و دەشتی نەینەوا، تەنیا بەرگریکردن نییە لە شارێک یان پێکهاتەیەک، بەڵکو بەرگریکردنە لە عێراق وەک نیشتمانی فرەچەشنی و پێکەوەژیان، و لە مافی هەموو ڕۆڵەکانی بۆ ژیانێکی شایستە لەسەر خاکی باوباپیرانیان، لە سایەی دەوڵەتی دەستوور و یاسادا.





