سالار محەمەد: هەر شۆفێرێک بڕی 40 لیتر بەنزینی پێدەدرێت
پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی 750 دیناریی لە بەنزینخانەی 'شهم' دەستیپێکرد، کە لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بڕی 40 لیتر بەنزین بە هەرشۆفێرێک دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، سالار محەمەد، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە دەبێت لەکاتی هەر قەیرانێک ئامادەکاریی تەواومان هەبێت تاوەکو خۆمان لەگەڵی بگونجێنین.
گوتیشی: ئەم پڕۆسەیە هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە، بەڵام ئێمە بەشێوەی تاقیکاری تاقیدەکەینەوە تاوەکو بزانین ئەو گرفتانەی رووبەرووی سسیستەمەکە دەبێتەوە چین، بۆ ئەوەی چاکی بکەین و ئامادەی بکەین.
سالار محەمەد، ئاماژەی بەوەش کرد، چەند رۆژێکە سیستەمەکە تاوی دەکەینەوە بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەی کرداری هێناومانەتە بەنزینخانەکان خپشبەختانە زۆر بەباشی بەرێوە دەچێت، کە هەر شۆفێرێک تەنیا یەک چرکەی پێویستە بۆ سکانکردنی کارتەکەی.
سەبارەت بەوەی ئەگەر خێزانێک یەک کارتی ئەلیکترۆنیان هەبێت و زیاتر لە ئۆتۆمبێلێکیشیان هەبێت چۆن لە دەتوانن بەنزین وەربگرن؟ سالار محەمەد گوتی: بیرمان لەوانە کردووەتەوە بەڵام ئێستا بەنزینمان کەمە و پڕۆسەکەش بەشێوەی تاقیکارییە، بۆیە جیاوازی لە نێوان ئۆتۆمبێلی تەکسی و تایبەت دەکەینەوە لەوانەشی زیاتر لە ئۆتۆمبێلێکیان هەیە.
دەشڵێت، سیستەمەکە سۆفتوێرە دەتوانین بەردەوام گۆڕنکاریی تێدا بکەین.
یەکێک لە کارمەندەکانی بەنزینخانەکە گوتی: تا کاتژمێر 8:00 بەیانی نزیکەی 7 هەزار و 400 لیتر بەنزیمان لەرێگەی ئەم کارتەوە دابەش کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سالار محەمەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "رۆژی دووشەممە، لە بەنزینخانەی (شهم) لە شاری هەولێر، بە شێوەیەکی تاقیکاری دەست دەکەین بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە رێگەی سیستمێکی نوێی کارتەوە."
بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی "ئەو کارتەی کە شۆفێران بۆ وەرگرتنی بەنزینەکە بەکاری دەهێنن، هەمان ئەو کارتەیە کە پێشتر بۆ وەرگرتنی گازی ماڵان بەکار دەهات."
سالار محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم هەنگاوە لە ئێستادا تەنیا وەک تاقیکردنەوەی سیستمەکەیە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن کار دەکات و چۆن دەتوانرێت بە باشترین شێوە پڕۆسەکە بەڕێوە بچێت، دواتر بڕیاری کۆتایی لەسەر گشتگیرکردنی دەدرێت.
جێگەی ئاماژەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رێکخستنەوەی دابەشکردنی سووتەمەنی و رێگریکردن لە بەهەدەرچوونی بەنزینی پاڵپشتیکراو، تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بگاتە دەستی هاووڵاتییان.