ترەمپ بە ژیری دەستکرد هەڕەشەی وێرانکردنی ئێران دەکات

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،  زنجیرەیەک وێنەی بڵاوکردەوە بە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد (AI) دروستکراون و تێیدا هەڕەشەی راستەوخۆی وێرانکردنی ئێران دەکات.

لە یەکێک لەو وێنانەدا کە لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکان نیشان دەدات، هێرش دەکەنە سەر دوورگەی خارکی ئێران و تەقینەوەی بەهێز ئەو دوورگەیە دەهەژێنێت.

لە وێنەیەکی دیکەدا، ترەمپ لەسەر پشتی کەشتییەک وەستاوە و ئاڵای ئەمریکای بەرزکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئاڵای ئێران لەسەر زەوییەکە کەوتووە. ترەمپ لەسەر وێنەکە نووسیویەتی: "ئەم تانکەرە نەوتە ئێستا هی ئێمەیە". هەروەها وێنەیەکی دیکەی تەقینەوەیەکی گەورەی ناو کەشتییەکی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی: "ئیتر بزوێنەرەکان کۆتاییان هات".

هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە،  براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پێشنیاری کردووە هەڵمەتی بۆردومانەکان بۆ سەر ئێران رابگیرێت، بەتایبەتی لە دەوروبەری گەرووی هورمز، چونکە بە بڕوای ئەو، ئۆپەراسیۆنەکان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی کاریگەریی خۆیان.

لەلایەکی دیکەوە، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC) رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ هەموو بژاردەکانی لەبەردەمدا کراوە نایەڵێت، بەڵام لە هەمان کاتدا مەودایەک بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەهێڵێتەوە". واڵتز جەختیشی کردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر هەموو ئاستەکان بەردەوامن.

سەرەڕای هێوربوونەوەی کاتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا مەترسییەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی گرژی و پێکدادانی نوێ لە ناوچەکەدا بەردەوامن.