ناتانیاهۆ: بە ئەمریکا دەڵێم نەخێر

میدیای ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەندامانی کابینەی ئەمنیی وڵاتەکەی (کابینێت)ی ئاگادارکردووەتەوە، بە توندی هەر داواکارییەکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی بەرفراوان لە کەرتی غەززە، باشووری لوبنان یان خاکی سووریا رەت دەکاتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم، ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیدا ئاشکرای کردووە، ئەمریکا لیستێک داواکاری پێشکەش کردوون کە کشانەوەی بەرفراوان لە هەر سێ بەرەی (غەززە، سووریا و لوبنان) لەخۆدەگرێت. ناتانیاهۆ لەو بارەیەوە گوتوویەتی: "من بەنیازم دژی ئەوە بوەستمەوە و پێیان دەڵێم نەخێر".

ئەم هەڵوێستەی ناتانیاهۆ تەنیا چەند رۆژێک پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، بڕیارە تێیدا تاوتوێی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (Sunday Morning Futures) لە کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ، فشار دەکات بۆ بەردەوامبوونی چاودێرییەکی ورد و هەمیشەیی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد، زانیاریی هەواڵگریی نوێی لەبەر دەست نییە سەبارەت بە توانای ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام جەختی کردەوە، هەماهەنگیی هەواڵگریی نێوان ئیسرائیل و واشنتن لە ئاستێکی بەرزدایە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گورزانەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان داوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی چەند ساڵێک دواخستووە، بەڵام هۆشداریی دا تاران رەنگە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی بدات، هەر بۆیە داوای مانەوەی چاودێرییەکان دەکات بۆ رێگریکردن لەو هەوڵانە.