بەرپرسێکی ئاکپارتی و دوو لە کەسوکاری کوژران
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری باتمانی باکووری کوردستان، مەحەمەد دیرەک، ئەندامی سەرکردایەتی لقی ناوخۆیی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا، لەگەڵ کوڕەکەی و برازایەکی کوژران.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "جمهوریەت"ی تورکی، هێرشەکە لە گۆڕستانی شارەوانی لە گەڕەکی گۆنێکێنت لە شاری باتمان روویداوە، چەند کەسێکی نەناسراو تەقەیان لە مەحەمەد دیرەک، ئەرجانی کوڕی و بەکیری برازای کردووە و لە ئەنجامدا هەر سێکیان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.
دوای رووداوەکە، هێزەکانی پۆلیس گەمارۆی ئەمنییان خستە سەر ناوچەکە و هاتوچۆیان لە گۆڕستانەکە سنووردار کرد، هاوکات لێکۆڵینەوەی بەرفراوانیان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تاوانەکە و دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی دەستپێکردووە.
پۆلیسی تورکیا بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنی گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران کە لە شوێنی تاوانەکە هەڵاتوون، ئەوەش بە بەکارهێنانی تۆماری کامێراکانی چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنی رێگای هەڵاتنیان.