سوودمەندبووان و گوندنشینانی سنووری قەرەچوخ لە قەرزی خانووبەرە بەخشران

لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە لێخۆشبوونی تەواوەتی لە قەرزی پێشینەی خانووبەرە و سوودی دواکەوتن بۆ ئەو گوندنشینانەی سنووری قەرەچوخ کە خانووەکانیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تەقێندرابوونەوە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە، ئاماژە بەوە کراوە،بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتیانی سوودمەند لە پێشینەی خانووبەرە لەو گوندنشینانەی سنووری قەرەچوخ کە خانووەکانیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش تەقێندراونەتەوە، سەرۆک وەزیران فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ دەرکردوون.

لە نووسراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، وەزارەتی دارایی کاری پێویست ئەنجام بدات بۆ لێخۆشبوون لە پێشینەی خانووبەرە لە تەواوی ئەو بڕەی لە ئەستۆی ئەو هاووڵاتییانەدا ماوە، هەروەها لێخۆشبوون سوودی دواکەوتنیش بگرێتەوە.

ئەم بڕیارەی حکوومەت لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا دێت بۆ پشتگیری و کارئاسانیکردن بۆ زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی گوندنشینانی ئەو ناوچانەی رووبەڕووی وێرانکاری ببوونەوە.