رووسیا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێلیگرام بە هاوکاریکردنی تیرۆر تۆمەتبار دەکات

رووسیا دۆسیەی یاسایی دژی دامەزرێنەری تێلیگرام دەجووڵێنێت

پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆڕمی تێلیگرام
پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆڕمی تێلیگرام

دەسەڵاتدارانی رووسیا بە فەرمی تۆمەتی "هاوکاریکردنی تیرۆر"ـیان ئاراستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆڕمی تێلیگرام کرد؛ بەم هۆکارەش رەنگە دامەزرێنەری پلاتفۆڕمەکە، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت.

چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند: کە تۆمەتی فەرمییان ئاڕاستەی پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆڕمی نامەگۆڕینەوەی ناسراوی "تێلیگرام" کردووە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆر. ئەمەش وەک نوێترین هەنگاوی کرێملین دێت بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ئینتەرنێت و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا.

تۆمەتەکان دژی دورۆڤی لەدایکبووی ڕووسیا، کە لە دەرەوەی وڵات دەژی، لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ هەوڵ دەدەن بەکارهێنانی تێلیگرام سنووردار بکەن. ئەمەش بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوان بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ئۆنلاین پاش هێرشی هەمەلایەنەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـەەوە دەستی پێکردووە.

دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (FSB) لە راگەیەنراوێکدائاماژەی بەوە کرد، کە ئیدارەی تێلیگرامی تۆمەتبار کردووە بە شکستهێنان لە سڕینەوەی "چەندین کەناڵ، چات و بۆت" کە گوایە لە لایەن "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا و رێکخراوە تیرۆریستی و توندڕەوەکانەوە" بۆ ئامادەکاری و هەماهەنگیی کردەوەکانی تێکدەرانە، تیرۆر، کوشتنی بە کۆمەڵ و ساختەکاریی سایبەری لە ناوخۆی رووسیا بەکارهاتوون، کە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانیی زۆری مرۆیی.

دەزگاکە ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بۆتێکی ناسراوی ژوانخوازیی (dating chatbot) تێلیگرامیان بۆ فریودان و راکێشانی گەنجانی ڕووسیا بۆ ناو "چالاکییە تێکدەر و تیرۆریستییەکان" بەکارهێناوە.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا، 46 بەکارهێنەری ئەم بۆتە کە تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 22 ساڵدایە، لە رووسیا دەستگیرکراون بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پاراستنی یاسا، ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەست و کردەوەی دیکەی هاوشێوە.

دەزگاکە راشیگەیاند: کە ناوی ئەم ملیاردێرە 41 ساڵەی خستووەتە لیستی داواکراوانی نێودەوڵەتییەوە.

دورۆڤ سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاندبوو: کە دەسەڵاتدارانی رووسیا دۆسیەیەکی تاوانکارییان دژی کردووەتەوە و تۆمەتباری کردن بەوەی کە بیانووی هەڵبەستراو بەکار دەهێنن بۆ سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە تێلیگرام، بە ئامانجی "سەرکوتکردنی مافی پاراستنی تایبەتمەندی و ئازادیی رادەربڕین". ئەگەر دورۆڤ لەسەر ئەم تۆمەتانە لە رووسیا تاوانبار بکرێت، رووبەڕووی سزای زیندانی هەتاهەتایی دەبێتەوە.

کۆمپانیای تێلیگرام کە خاوەنی زیاتر لە یەک ملیار بەکارهێنەرە لە سەرانسەری جیهاندا، وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەدایەوە. بەڵام ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیاکە بەستەرێکی تێدایە بۆ هەژمارێکی فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" کە رۆژی چوارشەممە وێنەیەکی پاڤێل دورۆڤ بڵاوکردەوە کاتێک پەنجەی ناوەڕاستی بۆ کامێرا بەرز کردووەتەوە.

لای خۆیەوە پلاتفۆڕمی تێلیگرام ئاماژە بەوە دەکات، بنکەی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە دوبەیە و دورۆڤیش کە خاوەنی رەگەزنامەی دووانیی فەرەنسی و ئیماراتییە، لەوێ نیشتەجێیە.

 

دەستگیرکردنی دورۆڤ لە فەرەنسا لە ساڵی 2024ـدا

لە ساڵی 2024ـدا، دورۆڤ لە پاریس دەستگیرکرا بەهۆی تۆمەتەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکەی بۆ چالاکیی نایاسایی، لەوانە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بڵاوکردنەوەی وێنەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان. 

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا تۆمەتی سەرەتاییان ئاڕاستە کرد بەهۆی رێگەدان بە ئەنجامدانی چالاکیی تاوانکاری لەسەر پلاتفۆرمەکەیدا. لە ئاداری 2025، دورۆڤ رایگەیاندبوو کە پاش بەسەربردنی "چەند مانگێک" لە فەرەنسا، گەڕاوەتەوە بۆ دوبەی.

کرێملین لەو کاتەدا رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا گرتبوو و ئەو هەنگاوەی بە "هەڵبژاردەیی" ناوبرد. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی پوتین لەو سەردەمەدا رایگەیاندبوو: "بەڵێ، بە دڵنیاییەوە تیرۆریستان تێلیگرام بەکاردەهێنن؛ بەڵام ئۆتۆمبێلیش بەکاردەهێنن، ئەی بۆچی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێنو یان سیترۆین دەستگیر ناکەن؟"

لە لایەکی دیکەوە نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی رایگەیاند، دورۆڤ هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەی فەرمیدایە و رووبەڕووی کۆمەڵێک تاوانی ئەگەری دەبێتەوە کە پەیوەستن بە چالاکییە تاوانکارییەکانی نێو تێلیگرام.