سەرایا ئەولیا دەم داوای دەرکردنی باڵیۆزی سعوودییە لە عێراق دەکات

گوتەبێژی سەربازیی گرووپی چەکداریی سەرایا ئەولیا دەم لە عێراق رایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و سعوودیە چاوەڕێی هەڵوێستی فەرمیی بەغدان، هەروەها داوای، دەرکردنی دەستبەجێی باڵیۆزی سعوودیە لە عێراق و هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ سعوودیە.

چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی سەربازیی سەرایا ئەولیا دەم، لە راگەیانراوێکدا سەرکۆنەی توندی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و سعوودییەی لە ناوچەکەدا کرد و رەخنەی لە پێگەی حکوومەتی عێراق گرت.

جەعفەری رایگەیاند، عێراق بە لۆژیکی گرێبەستی بازرگانی یان بەرژەوەندیی ئابووری بەڕێوە ناچێت و، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد بە تەواوی پێداچوونەوە بکات بە سەرجەم ئەو گرێبەست و رێککەوتنانەی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ ئەمریکادا واژۆ کراون، هاوشانی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە فەرمییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعوودییە.

گوتەبێژی سەربازیی گرووپەکە جەختی کردەوە، هێزەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودییە، هێشتا چاوەڕوانی هەڵوێستێکی فەرمیی حکوومەتی عێراق دەکەن کە هاوتەریب و لە ئاست گەورەیی پێشهاتەکاندا بێت. هاوکات داوا دەکات دەستبەجێ باڵیۆزی سعوودییە لە عێراق دەربکرێت و پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵ سعوودییە بپچڕێنرێن.

جەعفەری لە پەیامەکەیدا هۆشداری توندی دا کە ئەگەر حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیدا خاو و سست بێت، ئەوا پێویستە لەسەر گەلی عێراق داوا بکەن کە سەرجەم چەکەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەت رادەستی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە بکرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایانگەیاندبوو، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هەماهەنگکراویان بۆ سەر چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجامداوە. هێرشەکان پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووکیان گرتووەتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی هەردوو وڵات، ئەم هێرشانە "وەڵامێکی راستەوخۆ و یەکلاکەرەوەیە" بۆ زیادبوونی هێرشە سنووربەزێنەکان، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 30 درۆن ئاراستەی دامەزراوەکانی نەوت و وزە لە ناوچەکە و بنکەکانی ئەمریکا کراون.