سوید دەزگایەکی نوێی هەواڵگریی دەرەکی هاوشێوەی (MI6) بەریتانیا دادەمەزرێنێت
حکوومەتی سوید بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست" بڕیاری دا دەزگایەکی نوێی هەواڵگریی مەدەنی و دەرەکی بە ناوی (UND) دامەزرێنێت، تاوەکو رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی شکستی پێشبینییە هەواڵگرییەکانی پێش جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022. دەزگا نوێیەکە هاوشێوەی (MI6)ی بەریتانیا کار دەکات و راستەوخۆ راپۆرت بۆ حکوومەت بەرز دەکاتەوە.
چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست" (The Economist)، حکوومەتی سوید بڕیاریداوە پڕۆژەی بنیاتنانی دەزگایەکی نوێی هەواڵگریی مەدەنی بە ناوی (Utrikesunderrättelsetjänst - UND) یان دەزگای هەواڵگریی دەرەکی پەسەند بکات، تاوەکو شکخستی مێژوویی ساڵی 2022 دووبارە نەبێتەوە.
بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا، سەرەڕای ئاگاداری و هۆشدارییەکانی دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا و بەریتانیا، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی سوید (MUST) هاوشێوەی هاوتاکانی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشبینی دەکرد، ڤۆلۆدیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا جەنگێکی گشتگیر دەستپێناکات چونکە بڕیارەکە نالۆژیکییە، بەڵام پێشهاتەکان پێچەوانە بوونەوە.
ماریا ماڵمەر ستەنەرگارد، وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، دەزگای نوێی (UND) دەزگایەکی تەواو مەدەنی دەبێت و هاوشێوەی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا (MI6) کار دەکات و بەشێک لە کارەکانی دەزگای پێشوو دەگرێتە ئەستۆ، لەوانە سەرپەرشتیکردنی یەکەی ئۆپراسیۆنە نهێنییەکان لە دەرەوەی وڵات. پەرلەمانی سوید بڕیارە لە 13ی ئابدا پڕۆژەکە پەسەند بکات، تاوەکو لە کانوونی دووەمی داهاتوودا دەزگاکە دەست بە کارەکانی بکات.
ئەم پڕۆژەیە بیرۆکەی کارل بیڵدت، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری سویدە کە پێی وایە سوید خاوەنی سیستەمێکی زۆر باش بووە بۆ چاودێریکردنی جووڵە سەربازییەکانی سەر زەوی، بەڵام لە تێگەیشتن لە سیاسەت و بیرکردنەوەی سەرکردەکانی رووسیادا لاواز بووە؛ بۆیە پێویستیان بە کەرتی هەواڵگریی دەرەکیی مەدنی هەبووە کە راستەوخۆ راپۆرت بۆ حکوومەت بەرز بکاتەوە.
سوید لەم دواییانەدا لە کەرتی پاراستنی نیشتمانیدا رێکاری خێرای گرتووەتەبەر؛ بە شێوەیەک لە 2022دا پێشکەشی بەشداری لە ناتۆدا کرد و لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا بووە ئەندام، کە بەمەش کۆتایی بە 200 ساڵ لە بێلایەنی هێنا. سوید ئێستا 2.8%ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ کەرتی بەرگری تەرخان دەکات و دەیەوێت تا ساڵی 2030 رێژەکە بگەیەنێتە 3.5%، هاوکات چەندین چەک و فڕۆکەی جەنگیی جۆری Gripenی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.
ئەم رێکخستنەوە هەواڵگرییانە تەنیا لە سویددا نین، بەڵکو چەندین دەوڵەتی تری ئەوروپا دەستیان بەم هەنگاوە کردووە. بۆ نموونە ئەڵمانیا کار دەکات بۆ ئازادکردنی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی خۆی (BND) لە هەندێک یاسای توندی تایبەتمەندێتی، بەهۆی مەترسیی بەردەوامی رووسیا و کەمبوونەوەی متمانەی ئەوروپا بە هەواڵگریی ئەمریکا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیی نێوانیان.
تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا پێشنیازی پێکهێنانی تۆڕێکی گشتگیری هەواڵگریی ئەوروپییان کردووە هاوشێوەی هاوپهیمانیی "پێنج چاو" (Five Eyes)، بەڵام کارل بیڵدت پێی وایە ئەم هاوپەیمانییانە پێویستیان بە متمانەیەکی قووڵی هاوبەش هەیە و زۆر ئەستەمە لەسەر ئاستی فرەلایەنە جێبەجێ بکرێت، و گونجاوترە کاربکرێت بۆ گۆڕینەوەی کاتیی زانیارییەکان لە رێگەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردەوە.